بۆ کڕینی گەنم
بەغدا شەش ملیار دیناری بۆ گەنمی جوتیارانی هەرێم ناردووە
964+
ژووری هەواڵ
حکومەتی عێراق زیاتر لە شەش ملیار دیناری بۆ کڕینی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، رێکارە کارگێڕییەکان بۆ دابەشکردنی پارەکە دەستیپێکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ دەستپێکی وەرگرتنی گەنم، لەرێگەی سایلۆکانەوە دەستدەکەن بە دابەشکردنی پارەکە بەسەر جوتیاراندا.
ساڵی 2023 حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنمی بە 850 هەزار دینار لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بە وتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، ئەمساڵیش بە هەمان نرخ وەردەگیرێت.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەکۆبوونەوەیەکدا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانیی وپیشەسازی راسپارد کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی سوود وەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها رێکاریی پێویست لەمبارەیەوە بگرنەبەر بە پێی ئەو پێشنیارانەی لە راپۆرتی وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو هاتبوون.