لەسەر تەقەی خۆشییەکەی شەوی رابردوو 65 کەس دەستگیر کران

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

لەسەر تەقە کردنەکەی شەوی رابردوو کە بەهۆیەوە 63 کەس بریندار بوون، وەزارەتی ناوخۆ 65 کەس دەستگیر دەکات.

ئەگەرچی پێش ئەنجامدانی یاری کۆتایی جامی کەنداوی 25 لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان، وەزارەتی ناوخۆی عێراقی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر عێراق بیباتەوە خەڵک تەقەی خۆشی بکات، ئەوا دەستگیر دەکرێت، بەڵام خەڵک هەر تەقەی کرد کە بەهۆیەوە بەپێی ئاماری سەرچاوە پزیشکییەکان 63 کەس بەهۆیەوە بریندار بوون.

نەخۆشخانەی بەغدا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاندووە، لە ئەنجامی تەقەی خۆشی 24 هاوڵاتی لەشاری بەغدا بریندار بوونە و بەکۆی گشتی لە پارێزگاکانی تری عێراق 63 هاوڵاتی بریندار بوونە.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانونی دووەم، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی 65 کەسی راگەیاند.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتووە، هێزەکانیان بە تەنیا لە شاری بەغدا 17 کەسیان دەستگیرکردووە، کە چەکی جۆری کلاشینکۆفیان بەکارهێناوە بۆ تەقەی خۆشی.

تەقەی خۆشی بووتە پاساوێک بە دەست خەڵکەوە بۆ بەکارهێنانی چەک لەکاتی ئاهەنگ و بۆنەکان بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی.

لە یاری کۆتایی جامی کەنداوی 25، هەڵبژاردەی عێراق بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو لە هەڵبژاردەی عومانی بردەوەو بووە پاڵەوان.