لە رۆژهەڵاتی کوردستان

هەر رۆژێک دوو ژن پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد

لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی رابردوودا 48 پێشێلکاری بەرامبەر ژنان کراوە و بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو، 13 حاڵەتیان کوشتن بووە.

رێکخراوەکە، کە چاودێریی مافی مرۆڤ دەکات لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لەو مانگەدا چوار ژن لەسێدارە دراون، 14 ژنی چالاکوان دەستگیرکراون و 17ـی دیکەش حوکمیان بەسەردا دراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، هەشت ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، دوو ژن لەلایەن کوڕەکەیانەوە، ژنێک لەلایەن براکەی، ژنێک لەلایەن دۆستەکەی و ژنێکی دیکەش لەلایەن کەسێک بە ناسنامەی نادیارەوە کوژراون.

زانیاریی رێکخراوەکە ئاشکرای دەکات، لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و چالاکی و خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی ژن، ژیان، ئازادییەوە پێشێلکارییەکان بەرامبەر ژنان مانگ بە مانگ لە زیادبووندان.

“ساڵی رابردوو 22 ژن لە ئێران لە سێدارەدراون و زیاتر لە 200ـی دیکەش دەستگیر کراون و بەشێکیان حوکم دراون”، ئەوەش زانیاریی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوە.

ژنێک لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا

ژنێک لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا