رۆژ دوای رۆژ روو لە چۆڵبوون دەکەن

لە کۆی 60 گوندی کوردنشینی داقوق تەنیا چوار گوندیان ئاوەدانن

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

بەشێکی زۆر لە گوندەکانی سنووری قەزای داقوق مەترسیی هێڕشی چەکدارییان لەسەرە و بەهۆی مەترسییەکانی چەکدارانی داعش لە سنوورەکە لە کۆی 60 گوند، کە بەشێکی زۆریان کوردنشینن تەنیا چوار گوندیان ئاوەدانن.

لە بەشێک لەو گوندانە تەنیا بە رۆژ خەڵکی لێیە و شەوان کەسی لێ نییە.

سەعید جاسم، هاوڵاتییەکی گوندی تۆبزاوای کاکەییەکانی خۆرئاوای داقوقە، بە 964ـی وت، “تەنیا چوار گوندمان خەڵکی تێدا دەژێت ئەویش رۆژانە کەم دەکەن و بەشێکیان کۆچ دەکەن بەرەو ناوچەکانی تر”.

وتیشی، “هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکەیان رۆژانە لە ئێوارە بەدواوە رێگە بە کەس نادەن هاتوچۆی گوندەکانی خوارو بکات لەبەر مەترسیی جموجۆڵەکانی چەکداران”.

ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024 عەقید دەمیراڵ قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی داقوق بە 964ـی وت، “چەندین جار ئۆپڕاسیۆن ئەنجام دراوە بۆ ئەو ناوچانەی خواروی داقوق، بەڵام هێشتا مەترسی ماوە و تەنانەت کەس ناتوانێت سەردانی گوندەکانی خۆرئاوای داقوق بکات”.

دەشڵێت، “بەهۆی سەختی و پانتایی زۆری ناوچەکە نەتوانراوە وەک پێویست لە مەترسیی چەکداران پاک بکرێتەوە”.

لەسنوری باشووری خۆرئاوای داقوق زیاتر لە 60 گوندی لێیە کە زۆربەیان لە نەتەوەی کوردن و بەشێکیان لە نەتەوەی عەرەبن، لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستا ئەو ناوچانە بەردەوام مەترسی و هەڕەشەی چەکدارییان لەسەرە.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

سوپای عێراق چەند ناوچەیەکی داقوقی تۆپباران کرد

سوپای عێراق چەند ناوچەیەکی داقوقی تۆپباران کرد