"ژن کوژ و مافیاکان لەناو دەبەم"

ژنێک دەبێتە سەرۆکی 130 ملیۆن کەس

964+

ژووری هەواڵ

بۆ یەکەمجار ژنێک دەبێتە سەرۆکی مەکسیک و دەیەوێت مافیا و ژن کوژەکان لەناو ببات.

کلاودیا شاینباوم لە سەرکردایەتی کردنی خۆپیشاندانی زانکۆیەکەیەوە بۆ سەر کورسی دەسەڵاتی مەکسیک.

لە مانگی یەکی ساڵی 1987 خوێندکارانی زانکۆی نانم کە گەورەترین زانکۆی حکومییە لە مەکسیک، دەستیانکرد بە مانگرتن لە دژی زیادکردنی تێچووی خوێندن.

یەکێک لە سەرکردەی مانگرتنەکە لەبەردەم ژمارەیەک زۆری خوێندکاردا هاواریکرد، کێ دەچێت ئاڵای مانگرتنە لەسەر ئۆفیسی عەمید هەڵبواسێت، لە پڕ یەکێک لە خوێندکارانی کۆلێژی فیزیا کە تەمەنی 24 ساڵ بوو هاتە پێشەوەو وتی من ئەو کارە دەکەم.

دوای نزیکەی چل ساڵ ئەو کچە (کلۆدیا شاینباوم) بووە سەرۆکی مەکسیک.

شاینباوم دایکی دوو منداڵەو بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە لە بواری ئەندازیاری ژینگە، ماوەیەکیش پارێزگاری مەکسیکۆسیتی بووە کە دانیشتوانەکەی سەروو نۆ ملیۆن کەسن.

لەیەکەم رۆژی مانگی 10ی ئەمساڵ دەچێتە سەر کورسی سەرۆکی وڵات و مێژوو دەنوسێتەوە، چونکە یەکەم سەرۆکی ژنە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

شاینباوم سەرۆکایەتی وڵاتێکی پڕ کێشە دەگرێتە دەست، دانیشتوانەکەی 130 ملیۆن کەسەو 36% خەڵکی ئەو وڵاتە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، وڵاتێکی پڕ لە مافیا کە ساڵانە رێژەیەکی بەرزی کوشتنی ژنانی تیا تۆمار دەکرێت.

شاینباوم لە 24ی حوزەیرانی 1968 لەدایکبووە، لە دایک و باوکێکی چەرپڕەو، باوکی سەرمایەدارو شارەزای بواری کیمیا بووە، دایک و باوکی لە جووەکانی لیتوانیان دواتر لە بولگاریاوە چوونەتە مەکسیک.

هەر ئەوەندەی خووی دایە کاری سیاسی زۆر بزێوانە هەموو پلەکانی بڕی و لە ساڵی 2000 هەتا 2006 وەزیری ژینگەی مەکسیک بوو، ساڵی 2007 خەڵاتی نۆبڵی بردووەتەوە ئەویش هەر لەسەر هەوڵەکانی لەبواری ژینگەدا.

دوێنێ پاش ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان راگەیەندرا، کلۆدیا خانم 60% دەنگەکانی بردەوەو بووە یەکەمین سەرۆکی ژن لە مێژووی مەکسیکداو یەکەم کاریشی ئەوە دەبێت چارەی مافیاکان و ژن کوشتن بکات.