کیلۆی بە 10 هەزار دینارە

دایە هەمین لە گوندی مڕە دۆشاوی توو دروستدەکات

964+
محەمەد عەلی – پشدەر

لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی توو، لە گوندی مڕەی دەڤەری پشدەر، بەشێک لە گوندنشینان دۆشاوی توو دروست دەکەن، بەیانییەکی زوو بە هەرەوەزی داری تووەکە دەتەکێنن، لە ژێرداری تووەکە پەردەیەک دەگرنەوە تا تووە بەرهەمهاتووەکە کۆبکەنەوە، دواتر لەلایەن کەسێکی بەئەزموونەوە، دۆشاوی تووی لێ بەرهەم دەهێنن.

دۆشاوەکە هەر لەناو ماڵەکان و یەک کیلۆی بە 10 هەزار دەفرۆشرێ.

هەمین ئیسماعیل، یەکێکە لەو ژنانەی لە کۆنەوە دۆشاوی توو دروست دەکات و دەڵێت، “دروستکردنی دۆشاوی توو زەحمەتیی زۆری دەوێت، بە هەموو کەس ناکرێت و بە چەندین قۆناغدا تێدەپەڕێت و بە سێ رۆژ بەرهەمی دەهێنم، دوای کۆکردنەوەیان، دەیانشۆینەوە، دواتر لە مەنجەڵێکی گەورەدا بە ئاگری دار دەیانکوڵێنین”، دوای سێ کاتژمێر کوڵاندن پاشماوەی تووەکە جیادەکاتەوە.

بە قسەی دایە هەمین، “ئامانج لە پاڵفتەکردن و جیاکردنەوەی دەنکۆڵەکانی ناو تووەکەیە و دواتر ئەو شۆکەی لێی دروست دەبێت، دووبارە نزیکی چوار بۆ پێنج کاتژمێری دیکە دەیکوڵێننەوە، دواتر کە ساردبووەوە، لەناو دەبەدا هەڵیدەگرن و دواتر دۆشاوی تووی لێ بەرهەم دێت”.

دایە هەمین بەدەم کارکردنەوە بە 964 دەڵێت، “پێش پێگەیشتنی توو، خەڵک پێم دەڵێن بیرت بێت بۆمان دروست بکە، تا بڕانەوەی کاتی توو ئێمە دروستی دەکەین و دەیفرۆشین، بەهۆی خواستی زۆریش لەسەری، هەر لە ماڵەوە دەیفرۆشم و پێویستم بە بازاڕ نییە”.

دۆشاوی توو تامێکی سروشتی هەیە، بەهۆکاری ئەوەی هیچ مەوادێکی شەکری تێ ناکرێت، بەشێک لە کڕیاران، وەک چارەسەری نەخۆشییش دەیکڕن.

ئەیوب محەمەد، یەکێکە لەو کڕیارانە و باس لەوە دەکات، “بەرهەمی دۆشاوی توو لە گوندەکان زۆر باشترە لە هی ناوشار، لەبەرئەوەی تۆز و خۆڵی لەسەر نانیشێت و تووەکە لە ژینگەیەکی پاکدا پێدەگات، بۆیە ئێمە زیاتر لە گوندەکان دەیکڕین، بۆ دەوای زۆر نەخۆشیش بردوومانە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا.٠

دۆشاوی تەماتەی هەریر رەوانەی ئەمریکا کرا

دۆشاوی تەماتەی هەریر رەوانەی ئەمریکا کرا