مانگێکە بێکار ماونەتەوە
دوکاندارانى بازاڕى قەیسەرى نیگەرانى دەردەبڕن
964+
شیراز عەبدوڵا – هەولێر
نزیکەى مانگێک بەسەر رووداوى ئاگرکەوتنەوەى بازاڕى قەیسەرى هەولێر تێدەپەڕێت، هەر بۆیە ئەمڕۆ جارێکى دیکە دوکانداران گردبوونەوەو دەڵێن، نە قەرەبوو کراونەوە و نە وەک پێویست کارەکانى نۆژەنکردنەوە ئەنجام دەدرێت.
لە گردبوونەوەکەى ئەمڕۆیاندا، کاسبکاران و دوکاندارانى زیانلێکەوتووى بازاڕى قەیسەرى، داواى رێگەدان بە نۆژەنکردنەوەى دوکانەکانیان دەکەنن چونکە وەک دەڵێن، کارەکانى نۆژەنکردنەوە زۆر بە خاوى بەڕێوە دەچێت.
سالار تەها لە نێوبازاڕەکە دوکانی بەرگدووری هەبووە و بەهۆى ئاگرەکەوە سوتاوە، ئەو قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”بێ ئیشوکار ماوینەتەوە و قەرەبوش نەکراوینەتەوە”.
بەختیار عوسمان یەکێکى دیکەیە لە دوکاندارەکان و بە 964ـى وت،” مانگێکە بازاڕەکە سوتاوە کەچى بەس زبڵ و پاشماوەکەى فڕێدراوە، گوایە بەشەکۆنەکەى شوێنەوارە بۆیە حکومەت خۆى نۆژەنى دەکاتەوە، بەڵام کارەکان زۆر بە هێواشى بەڕێوەدەچن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح