مۆنۆمێنتی هەڵەبجە - وێنە: 964
پەیوەندیی بە خۆڵ و خاشاکەوە هەیە
پڕۆژەیەک بە زیاتر لە شەش ملیار دینار بۆ هەڵەبجە دەرچوو
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و ژێرخاکخستنی خۆڵ و خاشاکی پارێزگای هەڵەبجەی پەسەند کرد و لە سێ ساڵدا تەواو دەکرێت.
پڕۆژەکە گوژمەی شەش ملیار و 426 ملیۆن و 72 هەزار دیناری بۆ تەرخان کراوە.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە پارێزگاکە بە تەواوی لە کێشەی کۆکردنەوە و شاردنەوەی خۆڵ و خاشاک رزگاری دەبێت.
وتیشی، “پێشتر کۆکردنەوە تا رادەیەک باش بوو، بەڵام کێشەی ژێرخاکخستنیمان هەبوو و ئەو پڕۆژەیە ئەوەش چارەسەر دەکات”.
پڕۆژەکە لە 1.7.2024 دەستپێدەکات و لە 30.6.2027 کۆتایی پێدێت و مانگانە زیاتر لە 170 ملیۆن دینار بە شێوەی نەختینە بۆ پڕۆژەکە خەرج دەکرێت.
“رۆژانە لە هەڵەبجە 90 تۆن خۆڵ و خاشاکمان هەیە و لە کۆی پارێزگاکەش رۆژانە دەگەینە 145 تۆن، بەڵام لە بۆنەکاندا ئەو رێژەیە زیاد دەکات”، ئەوەش قسەی سەلام بیلالە.