سۆراغ
غاباتى رانیە کەرەنتینە دەکرێت؟
964+
وریا فەتاح
ماوەیەکە باس لە ژمارەى جیاوازى وشکبوونى سنەوبەرەکانى غاباتى رانیە دەکرێت، هەندێ لایەن پێیان وایە نەخۆشییە و هەندێکى دیکە بۆ هۆکارى گۆڕانکارى کەشوهەوا و چەند هۆکارێکى دیکە دەیگێڕنەوە.
964 لە چەند لایەنێکى جیاوازە و بەدواداچوونى بۆ ئەو پرسە کرد، بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆیەکى درێژمان لەگەڵ ئەندازیار ئیسماعیل محەمەد تەها، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانى راپەڕین کرد.
ئەو هەر زوو ژمارەى دارە وشکبووەکانى بەم شێوەیە ئاشکرا کرد، لە غاباتى رانیە هەزار و 26 دار وشکبوون و لە غاباتى قەڵادزێ 526 دار، وەک باسى دەکات هەموو دارە وشکەکانیان بە ژمارە کردووە و هەر دارێکى نوێ وشک ببێت پێى دەزانن.
“وشکبوونى ئەو ژمارە دارە هى ئەمساڵ و ساڵانى رابردووشن، چونکە لەمساڵدا 13 دارى نوێ وشکبوون و بەراورد بە پار و پێرار زۆرر کەمبووەتەوە”، ئیسماعیل محەمەد واى وت.
وشکبوونى دارەکان، بەڕێوەبەرایەتیى دارستان و پاوانى رانیەى ناچارکرد، لە مانگى 11ـى ساڵى 2023 لیژنەیەکى پسپۆڕى سێ قۆڵى لە نێوان، دارستان و پاوانى رانیە و وەزارەتى کشتوکاڵ و زانکۆى سەڵاحەدین، پێکبهێنرێت، لیژنەکە نموونەى دارە وشکبووەکانى وەرگرت و پشکنینى تەواوەتى بۆ کردن تا بزانرێت هۆکارى وشکبوونەکەى سروشتییە یان نەخۆشى.
لە مانگى 3ـى 2024 ئەنجامى پشکنینەکان دەرچوو، ئەندازیار ئیسماعیل محەمەد بەم شێوەیە بۆ 964 هۆکارەکانى وشکبوونى دارەکانى خستەڕوو:
یەکەم، گۆڕانکارى کەشوهەوا، کە پەیوەندیى راستەوخۆى بە وشکبوونى غاباتەکانەوە هەیە.
دووەم، تەمەنى دارەکان، چونکە زۆربەى دارەکان تەمەنیان سەرووى 50 ساڵە و بەرگرییان بەرامبەر کەشوهەوا لاواز بووە.
سێیەم، کێڵانى غاباتەکە و دەرکەوتنى رەگەکانى کە بەهۆى بارانەوە تووشى شۆرانەوەى خاکەکەى بووە.
چوارەم، بەکارهێنانى دەرمانى قڕکەر بۆ لەناوبردنى گژوگیاى غاباتەکە.
پێنجەم، پلەى گەرمى بەرز و بوونى شاخى کێوەڕەش کە بەشێک لە دارەکان نەیانتوانیوە بەرگە بگرن.
شەشەم، نەخۆشى ڤایرۆسى و کەڕوو، کە کاریگەریى لەسەر بەشێک لە دارەکان جێهێشتووە.
حەوتەم، هۆکارى دیکەى دەستى ئەنقەست و مەڕو ماڵات.
هەشتەم، نەبوونى کرێکار بۆ سەرپەرشتیکردنى بەردەوامى دارەکان.
دواى دەرچوونى ئەنجامى لیژنەکە، دارستان و پاوانى رانیە بڕیاری دا ئەمساڵ نە ژێر دارەکان بکێڵن، نە دەرمانى قڕکەریش بەکاربهێنرێت، هەر بۆیە بەڕێوەبەرەکەى دەڵێت، ئەنجامەکەى ئەوە بوو کە کەمترین دار وشک ببێت.
لەبارەى گومانى بوونى نەخۆشى (نیماتودا) کە نەخۆشییەکى مەترسیدارە و لە حاڵەتى تووشبوونى زەوى کشتوکاڵى یان غاباتەکان، ئەوە پێویست دەکات دارەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکان کەرەنتینە بکرێن بۆ ئەوەى نەگوێزرێتەوە، ئەندازیار ئیسماعیل محەمەد وتى،”بیرمان لەوە کردووەتەوە و پشکنینمان کردووە، دارەکان تووشى ئەو نەخۆشییە نەبوون و پێویست بە کەرەنتینە ناکات”.
غاباتى رانیە، هەزار و 920 دۆنمە و لە هەر دۆنمێکدا 100 دار هەیە، بەمەش نزیکەى 20 هەزار دارى سنەوبەر لە غاباتەکەدا بوونى هەیە، غاباتى قەڵادزێش کە رووبەرەکەى هەزار و 600 دۆنمە، بەهۆى چڕییەکەیەوە هەمان ئەندازە دارى تێدایە
بڕیارە لە مانگى داهاتوودا، سەرجەم دارە وشکەکان لاببرێن و نەمامى نوێ لە شوێنیان بچێنرێت.
964 لەم بەدواداچوونەدا، قسەى لەگەڵ بەڕێوەبەرى ژینگەى راپەڕین و بەڕێوەبەرى بنکەى کشتوکاڵ و چەند لایەنێکى دیکەوە کرد، ئەوانیش هاوڕابوون لە دیاریکردنى هۆکارەکانى وشکبوونى دارەکان، بەڵام جیاوازى هەبوو لە ژمارەى دارى وشکبوو، ئەوان پێیان وابوو چوار هەزار دار وشک بووە، بەڵام بە هۆکارى ئەوەى بەڕێوەبەرایەتیى دارستان و پاوان لایەنى سەرەکین و کۆى ژمارەى دارە وشکبووەکانیان بە داتا کردووە، 964 ژمارەکەى ئەوانى بە بنەما وەرگرت.