ژمارەیەک بڕیاری نوێ دراون
وەزارەتی کارەبا: بۆ وەرزی هاوین بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لەوانە بەگەڕخستنی وێستگەیەکی نوێی کارەبایە تا لە وەرزی هاوینی کارەبای زیاتر بدەن بە هاوڵاتیان.
وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.5.2024، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا بریکار و راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبای پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەبوون، “بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبا لە نێوان پارێزگاکان دراوە”.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بەرنامەی کارەبا، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “لە وەرزی هاویندا بەرهەمهێنانی کارەبا لە وێستگەکانی بازیان و خەبات و ماس زیاد دەکرێت و هەوڵ دەدرێت یەکەیەکی دیکەی وێستگەی کواشی بە گازوایل بەگەڕ بخرێت و چاککردنەوەی یەکەکانی وێستگەکانیش ئەگەر زۆر پێویست نەبێت نەخرێتە وەرزی هاوین”.
لە بارەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی کارەبا، “وێڕای ئەوەی چاکسازییان لە هێڵەکانی کارەبا کردووە، لە ئامادەباشیدابن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکی تەکنیکی. هەروەها بڕیاری کارپێکردن و تەواوکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک لە شارەکان دراوە”.