شارەوانی كۆیە خۆی ناتوانێ خزمەتی باخچەكان بکات و بەكرێیان دەدات

باخچەی عەلی مەولود- کۆیە / فۆتۆ کارزان جەرجیس – میدیازان


میدیازان – كارزان جەرجیس – كۆیە 

+ وێنە و ڤیدیۆ


لە زیادكردنێكی ئاشكرادا، سەرۆكایەتی شارەوانی كۆیە سەرجەم باخچەكانی بەكرێی ساڵانە دایە كەرتی تایبەت.


ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ـی تشرینی یەکەم، ئەندازیار محەمەد میرحاج، سەرۆكی شارەوانی كۆیە بە میدیازانی ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی كارمەندو باخچەوان، هەروەها نەبوونی پارە بۆ نۆژەنکردنەوەیان، بیرۆكەی ئەوەمان لەلا گەڵاڵە بوو بەکرێیان بدەین.

زیاتر وتی “بیرۆكەكەمان پێشكەشی وەزیری شارەوانی كرد، ئەویش ڕەزامەندی لەسەردا”.

ئەندازیار محەمەد میرحاج، سەرۆكی شارەوانی كۆیە بۆ میدیازن قسە دەکات

 لەقەزای کۆیە، ٤٢ باخچە هەیەو لە زیادکردنە ئاشکرایەکەدا کە ١٥ رۆژ پێش ئێستا لە سەرۆکایەتی شارەوانی کۆیە ئەنجامدرا، هەشت باخچە بەناوەکانی (سەید برایم، وردی، ئیسكان، شەوگێڕاوە، فیدراڵی، عەلی مەولود، فاتیح ڕەسوڵ و شەهیدانی قوڕەبەرازە) بەکرێ دران، بۆ هەر باخچەیەکیش ساڵانە تەنیا ٦٠ هەزار دینار وەردەگیردێت.

“بیرۆكەكەمان پێشكەشی وەزیری شارەوانی كرد، ئەویش رەزامەندی لەسەردا”

 ئەندازیار محەمەد میرحاج، روونی دەکاتەوە کە بڕی پارەکە تەنیا رەمزییەو لەبەرانبەریدا کۆمەڵێک مەرجی قورس خراوەتەسەر کرێگرتە، لەوانە، نۆژەنكردنەوەی پەرژین، پاراستنی سەوزایی و چاندنی داری نوێ‌ بۆ ئەو شوێنەی كە پێویستە، دانانی سیستمی ئاودان و رووناككردنەوە.

“ئەو کەسەی بەکرێی دەگرێ دەیکاتە کافتریا، بەڵام چوونە ژوورەوە نابێت بکرێتە بە پارە، رێگەش نادرێت نێرگەلە و مەی تێدا بفرۆشرێت یان بەكاربێت”. ئەندازیار محەمەد میرحاج وای وت، باسی لەوەشکرد یەکێک لە هۆکارەکانی بەکرێدانەوەی باخچەکان بە کەرتی تایبەت، ترس بووە لە زیادەڕۆیی کردنە سەریان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، بەهۆی ئەوەی پەرژینیان نەبووەو هیچ خزمەتگوزارییەکیشی نەبووە.