کتێبێک پێشنیاز دەکات زمانی کوردی دایکی زمانەکانی ئەوروپایە
964+
هێمن بەکر – هەولێر
کتێبێکی نوێ لەبارەی مێژووی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوبووەتەوە، تیایدا ئەو بۆچوونە خراوەتەڕوو کە سەرجەم زمانە هیندۆ-ئەوروپاییەکان لە زمانی کوردی وەرگیراون.
کتێبەکە بە ناونیشانی “مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد” بڵاوکراوەتەوە، نوسەرەکەی بریتیە لە سۆران حەمەڕەش، کە لە هەرێمی کوردستان بۆ بواری مێژوو ناسراوە.
ئەو کتێبە لە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی و لە ئەوروپا و جیهان بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە.
زمانە هیندۆ-ئەوروپاییەکان خێزانە زمانێکە کە لە هیندستانەوە دەستپێدەکات تاوەکو ئەرجەنتین، سەرجەم ئەو زمانانە دەگرێتەوە کە لە رووی مانا و دەربڕینەوە لێکدەچن.
بە نزیکەیی، سەدا 60ی جیهان بەو خێزانە زمانە قسە دەکەن.
لە کتێبەکەدا نوسەر باس لەوە دەکات، زمانی کوردی ئێستا نزیکە لە زمانی سۆمەری پێش پێنج هەزار ساڵ، بۆ ئەوەش دەیان بەڵگەی زمانەوانی هێناوەتەوە.
نوسەر بۆ پشتگیری ئەو بانگەشەیەی کە “زمانی کوردی دایکی زمانە ئەوروپاییەکانە” بەڵگەی هێناوەتەوە بەوەی لە کۆندا نەتەوەکانی ئەوروپا لە خاکی میزۆپۆتامیاوە (عێراق و دەوروبەری) بەرەو ئەوروپا رۆیشتوون، بەڵام بنەچەی زمانەکانیان وەکو خۆی ماوەتەوە.
سۆران حەمەڕەش بۆ زیاتر ناساندنی کتێبەکەی، روونکردنەوەیەکی بە شێوەی ڤیدیۆیی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکردووەتەوە.