دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان گەیەنرایە ناوەندە تەندروستییەکانی گەرمیان. وێنە: بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستى گەرمیان
دەرمان گەیشت
گەرمیان تا ساڵێکی داهاتوو خەمی نەما
بەهرە محەمەدئەمین
دوای زیاتر لە شەش مانگ چاوەروانی، ئەمڕۆ دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان گەیشتە ناوەندە تەندروستییەکانی گەرمیان، تەندروستیی گەرمیانیش دەڵێت بەشی ئەمساڵمان دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، گەیاندنی 35 جۆر دەرمانی جیاواز و تایبەت بە چاودێریی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی، بۆ ناوەندە تەندروستییەکانی گەرمیان راگەیاند.
بە پێی راگەیەندراوەکە، دابینکردنی دەرمانەکان 100 هەزار دۆلاری تێچووە.
964 لە تەندروستیی گەرمیانەوە دەزانێت، سێ سەنتەری دابەشکردنی دەرمانی درێژخایەن لە ئیدارەی گەرمیان هەن، دەکەونە کەلار، رزگاری و کفری، لە هەر یەکێک لەو بنکانە 6-8 هەزار نەخۆش دەفتەریان هەیە، زۆرترینیان لە نەخۆشخانەی گشتیی کەلارن.
د. سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی گەرمیان، بە 964ی وت، ئەمڕۆ هەردوو جۆری دەرمانی شەکرە بە دەرزی و حەپ، دەرمانی کۆنتڕۆڵکردنی چەوری و فشاری خوێن، بەسەر بنکە تەندروستییەکاندا دابەشکران.
وتیشی،” تا کۆتایی ئەمساڵ کێشەمان لە دابینکردنی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکاندا نامێنێت”.
لە مانگی شەشی پارساڵەوە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە کۆگاکانی تەندروستیی گەرمیان و نەخۆشخانەکان نەمابوو، نەخۆشەکان لە بازاڕ دەیانکڕی.
تەندروستیی گەرمیان دەڵێت، چونکە رەزامەندیی دابینکردنی دەرمان زۆر دواکەوت، کێشەی جدی دابینکردنی دەرمانی درێژخایەنیان هەبوو.