“دەبێت بکەرانی هێرشەکە دادگایی بکرێن”

+964

فەرمان سادق

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر رووداوەکەی ماردین هاتە دەنگ و دەڵێ: داوا دەکەین بە زووترین کات بکوژان دادگایی بکرێن.

شەوی رابردوو لە ماردین دەستڕێژی گوللـە لە ئۆتۆمبێلێک کرا، بەهۆیەوە چوار سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەکە کوژرا، یەکێکیش بە برینداری رزگاری بوو کە مامۆستایەکی ئایینی ناسراوی شاری دهۆک بوو.

لەسەر رووداوەکە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا کە کۆپی دەست +964 کەوتووە دەڵێ: بە داخەوە دوێنێ شەو لە سنووری پارێزگای ماردین لە تورکیا هێرش کرایە سەر چەند هاوڵاتیەکی هەرێمی کوردستان و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستداو یەکێکیش بریندار بوو.

وەک “فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە گەورەیە دەکەین کە کرایە سەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەس و کاری قوربانیان، داوا لە حکومەتی تورکیا دەکەین بەزووترین کات بەدواداچوون بکات بۆ ئاشکراکردن و دادگایی کردنی تاوانباران”.

راگەیەنراوەکەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کاتێکدایە کەمێک پێش ئێستا پارێزگاری ماردین دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری بەهۆی هێرشەکە راگەیاند.