قڕکەر دراوە بە جوتیاران

کرمێک زیانی بە 100دۆنمی جوتیارانی گوندێکی دهۆک گەیاندووە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

جۆرە کرمێکی زیانبەخش داوێتی لە بەرهەمی جوتیارانی گوندی کۆرێمی لە دهۆک، کشتوکاڵی پارێزگاکە بەمەبەستی لەنێوبردنی کرمەکە دەرمانی قڕکەری بۆ جوتیاران دابینکرد.

ئەو کرمەی داوێتی لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، زیانی بە 100 دۆنم بەروبوومی جوتیاران گەیاندووە، بە تایبەتیش دارە دێمییەکان لەجۆری بادەم، سماق، هەنجیری دێمی، مێو، قۆخ، هەرمێ و بەڕوو.

ناوی کرمەکە “کرمی گەڵای دار”ـە، ساڵانە لە وەرزی بەهار و کۆتای وەرزەکە دەردەکەوێت، بەڵام پێشتر بەو شێوەیەی ئێستا زیاد نەبووە وەکو لە گوندی کورێمی. جوتیاران داوایان لە کشتوکاڵی دهۆک کردوە بۆ ئەوەی بە هانایان بڕۆن، دوێنێ هۆبەی کشتوکاڵی مانگیش دەرمان و چەندین ئامێری قرکردنی دایە جوتیاران.

کۆرێمی گوندێکی کشتۆکاڵیە لە ناحیەی مانگێش و بژێوی و ژیانی دانیشتووانەکەی لەسەر کشتوکاڵیە.

ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی دهۆک بە 964ـی وت، “لە گوندی کۆرێمی بەڕێژەیەکی یەکجار زۆر جۆرە کرمێکی بەهاری بڵاوبووەتەوە تاکو ئێستا نازانین هۆکاری زۆری کرمەکان چیە، زیانی زۆری گەیاندووە بە بەرهەمی جوتیاران”.

وتیشی، قرکەری دژە کرمەکان 100% سودی هەبووە و بەباشی کرمەکان کۆنترۆڵکراوە و بەبەردەوامی قرکەرەکە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی زیاتر زیان بە بەروبومی جوتیاران نەگات و کرمەکە لە ناو بچێت.

“دەرمانی زیاد و ئامێرمان هەیە لە هەر شوێنێکی تری سنوری پارێزگای دهۆک کرمی لەم شێوەیە هەبێت، یارمەتی جوتیاران دەدەین و بێبەرامبەر دەرمان و کەلوپەلیان بەسەردا دابەش دەکەین”، ئەحمەد جەمیل وای وت.

پێداچوونەوە: هاوبەش

دوو رێنمایی بۆ ئەو جوتیارانەی کێڵگەکانیان کرمی هەیە

دوو رێنمایی بۆ ئەو جوتیارانەی کێڵگەکانیان کرمی هەیە