لە گەرمیان

ئامێرێک رێگەی دوور بۆ نەخۆشانى گەرمیان نزیکدەکاتەوە

میلاد جەلال_گەرمیان

لەمەوبەدوا ھاوڵاتیانی گەرمیان دەتوانن لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار لە کەلار، پشکنینی جەڵتەی دڵ ئەنجام بدەن.

پێشتر ئەو پشکنینە لە تاقیگەکانی نەخۆشخانە تایبەتەکان، بە نرخی 20 ھەزار دینار ئەنجام دەدرا.

رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید ھەژار بە 964ى وت،”لە دوێنێ پێنجشەممەوە ئەو ئامێرەمان بەدەست گەیشتوە، لەمەودوا لەناو تاقیگەی نەخۆشخانەکە بەبێ بەرامبەر پشکنینی ترۆپۆنین بۆ جەڵتەی دڵ ئەنجام ئەدرێت بۆ ھاوڵاتیان”

ئامێرەکە زۆر پێشکەوتوە و بە وردیش ئەنجامی پشکنینەکان دەردەخات، پێشتر ھیچ ئامێرێکی لەو شێوەیە نەبووە لە نەخۆشخانەکە بۆ پشکنینی جەڵتەی دڵ، رزگار لەتیف وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژانە نزیکەی 15 بۆ 20 کەس دێنە نەخۆشخانەی فریاکەوتن کە پێویستیان بەو پشکنینە ھەیە، ئەوەش بارگرانی لەسەر ھاوڵاتیان دروست کردبوو.

پێداچوونەوە: هاوبەش