دیمەنی بەشێک لە پاشماوە جەنگییەکانی ئاسایشی حاجیاوا. وێنە:بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی سلێمانی
لە چ بوارێکەوە؟
ئاگاداربن هەندێ ناوچەی حاجیاوا مەترسیدارن
964+
بەهرە محەمەدئەمین
لە حاجیاوا کۆمەڵیک مین و پاشماوەی جەنگی تەقێنرانەوە و ناوچەی مەترسیداریشی تێدایە.
لە کاتێکدا هۆبەی رووپێوی (PTS) لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی، چوونەتە حاجیاوا تا ناوچەیەکی ناحیەکە وەک ناوچەی مەترسیدار دەستنیشان بکەن، بەڵام ئاسایشی حاجیاوا داوای کردووە چارەسەری ئەو پاشماوە جەنگییانەیان بۆ بکەن، کە لە بارەگاکەیاندا هەن.
بە پێی راگەیەندراوێکی دەزگای گشتی مین، تیمی تەقاندنەوە (EOD) پاشماوەکانیان بەمەبەستی چارەسەرکردن لە ئاسایش وەرگرتووە و لەگەڵ چەند پارچە تەقەمەنییەکی دیکە، بە ئامادەبوونی دڵنیایی جۆری دەرەکی، بە رێگەی تەقاندنەوەی ناکارەبایی لەناویان بردوون.
ئارام جەلال، لە راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی سلێمانی بە 964ی وت، “دوو سیستمی تەقاندنەوەی مین هەیە، یەکێکیان پێی دەوترێت ناکارەبایی، بەڵام شێوازێکی ئەمنییە و ناتوانین روونی بکەینەوە”.
وتیشی، تەقاندنەوەی کارەبایی ناوی رێگەیەکی تەقاندنەوەی مینە، بەڵام پەیوەندی بە کارەباوە نییە”.
964 دەزانێت، ئەو پاشماوانەی لەناوبراون، 19یان گوللـە هاوەن بوون، 13 دانەیان گولـلە هاوەنی 120ملم، سیانی 100ملم و سێ دانەی 82 ملم، بوون لەگەڵ گوللـە هاوەنێکی دیکەی 60 ملمی و سیازدە مینی “VS50″؛ پێنج مینی “TS50.