چوونە قوتابخانە بە مەرجی تێپەڕبوون بەناو قوڕولیتەدا

+964

میلاد جلال_گەرمیان

قوتابیانی دوو قوتابخانە لە ناحیەی رزگاری، بۆ ئەوەی بچنە قوتابخانە ناچارن بەناو گۆمێکی ئاودا بڕۆن.

ئەو گۆمە ئاوەی لە وێنەکەدا دەیبینن، لە وەرزی زستان بەتایبەت کاتی باران بارین لەبەردەم قوتابخانەی ھەڵگورد و شێنێ، کە دوو قوتابخانەی بنەڕەتیین دەکەونە گەڕەکی شاکەلی ناحیەی رزگاری، دروست دەبێت، ئەمەش ئاستەنگی بۆ قوتابتان دروستکردووە و زۆرجار ناچاریان دەکات بەناو ئەو گۆمە ئەوەدا بچن تا بگەنە قوتابخانە.

 نیزام شەبیب، کە مالی بەرامبەر قوتابخانەکەیە بە +964ـی وت “ئەم گۆماوە لەدوای ھەموو باران بارینێک دروستدەبێت، راستە ئاوەکەی قوڵ نییە بەڵام ئەوانەیلەو دوو قوتابخانەیە دەخوێنن، منداڵن، رەنگە بکەون”.

دانیال محمد، قوتابی پۆڵی سێی بنەڕەتیە لە قوتابخانەی ھەڵگورد، باس لە توڕەبوونی دایکی دەکات کاتێک جلوبەرگ و پێڵاوەکەی بەهۆی قوڕولیتەی گۆمەکەوە پیس دەبێت، وتی “ئەمە نیگەرانی کردووم، نازانم چی بکەم”.

جەمال ساڵح مدیر ناحیەی رزگاری بە964+ راگەیاند: قسەیان لەگەڵ شارەوانی رزگاری کردووە پێش قوتابخانەکە تێکەڵەڕێژ دەکرێت و لە چەند رۆژی داھاتوودا چارەسەر دەکرێت.

 ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای کەلار، دانیشتوانەکەی كەبەشێكی زۆریان كەسوكاری قوربانیانی ئەنفالن، تاوەكو ئێستاش بەشێكی كۆڵان و گەڕەكەكانی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانی بۆ ئەنجام نەدراوە، لەماوەکانی ڕابردووش چەندینجار بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان گردبوونەوەیان ئەنجامداوە بەڵام گرفتەکانیان چارەسەر نەکراوە.