کێڵگەی غازی کۆرمۆر _ وێنە: Dana Gaz
"گرێبەستمان هەیە"
سامانە سروشتییەکان: گازەکەی کۆرمۆر بۆ فرۆشتن نییە
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای دانە گاز هەیە و نابێت، بەبێ رەزامەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گازی ئەو کێڵگەیە بفرۆشرێت”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.5.2024، لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە فرۆشتنی گازی کۆرمۆر ئەوەی وتووە، “بەرهەمی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانە گاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا، بۆیە هەر بڕە گازێک کە بەرهەم بێت نابێت بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێم بفروشرێت بە هیچ لایەنێک”.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و رەزامەندی لەسەر کڕینی گازی کۆرمۆر دەربڕی.
هاوکات، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی 28.3.2024 بە میدیا عێراقییەکانی وت، “حکومەتی عێراق دەیەوێت سوود لە گازی کێڵگەی کۆرمۆر وەربگرێت، پشتیوان بە خودا لەگەڵ چوونە نێو وەرزی هاوین سوود لە گازی ئەو کێڵگەیە وەردەگیرێت، یاخود گازی ئەو کێڵگەیە دەکڕن”.
وتەبێژەکەیی وەزارەتی کارەبای عێراق ئەوەشی وت، “کاری لە پێشیینە ئەوەیە، ئەو گازە پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پڕبکاتەوە، ئەگەر گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت و زیاد بێت، بێگومان وەزارەتی کارەبا سوورە لەسەر کڕینی”.