وێنەی ئەو مریشکە مردارەوەبووانەی کە فڕێدراون. فۆتۆ: ژینگەی هەڵەبجە
بۆنی ناخۆش بڵاوبووەتەوە
لەسەر فڕێدانی مریشکی مردارەوەبوو لێکۆڵینەوە لە دەواجینەکانی هەڵەبجە دەکرێت
964+
ژووری هەواڵ
ماوەی چەند رۆژێکە هاوڵاتیانی گوندی گەشتیاری چاوگ و دەوروبەری لە هەڵەبجە بەهۆی بۆنی ناخۆش هەراسان بوون، بەوهۆیەوە خەڵکەکە سکاڵایان بردووەتە فەرمانگەی ژینگە.
ئەمڕۆ سێشەممە 21.5.2024، لیژنەی سەرپێچییە ژینگەییەکانی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە سەردانی گوندی گەشتیاری چاوگیان کردووە و سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەکەیان دۆزیوەتەوە، دەرکەوتووە دەیان مریشکی مردارەوبوو لە نزیک ئەو گوندە فڕێدراون.
محەمەد سەید حەکیم، لێپرسراوی هۆبەی یاسایی فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، فڕێدانی ئەو مریشکانە سەرپێچییە و بەگوێرەی زانیارییەکان بەدواداچون بۆ سەرجەم دەواجینەکانی سنورەکە دەکرێت و رێکاری ئیداری و یاسای بەرامبەر بە ئەنجامدەرانی ئەو سەرپێچییە دەگیرێتەبەر.
فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە دەڵێت، “بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە مریشکی مردارەوەبوو فڕێدرابوو و ببووە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش بێزارکردنی هاوڵاتیان و مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی”.