رووداوێکی هاتوچۆی دەگمەن لە هەولێر روودەدات

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

لە یەککاتدا دوو رووداوی هاتوچۆ لە شەقامی 100 مەتری لای نەخۆشخانەی رزگاری روویاندا، یەکێکیان لە ژێر پردەکەو لەسەر پردەکە روویدا.

رووداوە دەگمەنەکە، کاتژمێر 11ـی دوێنێ شەو لە شاری هەولێر روویداوە، دوو ئۆتۆمبێڵ لە یەک کاتدا و لە یەک شوێندا، بە جیاواز دووچاری رووداوی هاتوچۆ دەبن.

هەردوو رووداوەکە، لەبەشی سەر و خوارەوەی پردی بەردەم نەخۆشخانەی رزگاری، ئەوەی شەقامی 100 مەتری روویداوە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر، بە +964ی وت، رووداوەکە دەگمەن بووە، بەڵام ئەوەی سەیرە ئەو ئۆتۆمبێڵەی لەژێر پردکە وەرگەڕاوە، ئەو شوێنە پێشبینی ئەوەی لێ ناکرێ ئۆتۆمبێڵ لێی وەربگەڕێت، خێراترین رۆیشتنی رێگەپێدراو لەو شوێنە، 60 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا”.

ئەو ئۆتۆمبێڵەی وەرگەڕاوە لە جۆری ڤۆڵکس واگن بووە و ئەو ئۆتۆمبێڵەشی لەسەر پردەکە خۆی کێشاوە بە عەمودێکی کارەبا جۆری نیسان سەنی بووە.

فازڵ، دەڵێت وا پێشبینیمان کرد هەردوو سەیارەکە لێکیان دابێت، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوت، دوو روداو بووە لەیەک کاتدا و پەیوەندیان بەیەکەوە نییە.

بەپێی زانیاریەکانی هاتوچۆی هەولێر، لە دوێنێ شەوی رابردوەوە، سێ رووداوی هاتوچۆ لە شاری هەولێر روویانداوە.