شەنگال
80 خێزانی ئاوارە گەڕانەوەی زێدی خۆیان
964+
بەهرە محەمەدئەمین
80 خێزانی دیکەی ئاوارەى شەنگال گەڕانەوە زێدی خۆیان، پرۆسەکەش بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەردەوام دەبێت.
گەڕانەوەى ئارەزوومەندانەى ئاوارەکان لە ژێر سەرپەرشتى وەزارەتى ناوخۆی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بەپێی راگەیەندراوی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە ماوەی سێ ساڵدا لە رێگای ئەم بەرنامەیەوە نزیکەی 500 خێزان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.
جگە لەوە وەزارەتى ناوخۆى هەرێم، بەرنامەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی دیکەی پەیوەندیدار لە حکومەتی ئیتیحادی لە ساڵی 2022ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی پارێزگای دهۆك، لە مەراسیمی گەڕانەوەی خێزانەکاندا رایگەیاند، هیچ کەس بە زۆر ناگەڕێنینەوە، تا لێرە بن خزمەتیان دەکەین، هیواداریشین حکومەتی عێراق رێککەوتنەکەی شەنگال وەک خۆی بەجێ بگەیەنێت”.
پێشتر ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆ، داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شەنگالی کردبوو تا پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان پرۆسەیەکی بەردەوام و کاریگەر بێت و سەرجەمیان بگرێتە خۆ.
وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق پێشتر راگەیاندبوو، نزیکەی 33 هەزار خێزان لە 24 کەمپی هەرێمی کوردستاندان و نزیکەی 140 هەزار کەسیان تێدایە، کە زۆربەیان خەڵکی شنگالن.