حاسڵاتی رووداوە گەورەکەی ئێران
ئێران دەترسێت مردنی سەرۆک کۆمار پشێویی دروست بکات
+964
ژووری هەواڵ
لە تاران و زۆربەی شارە سەرەکییەکانی ئێران پرسەی ئیبراهیم رەئیسی دەستیپێکردووە و خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە، لە سبەینێوە مەراسیمی ماڵئاوایی تەرمەکان دەستپێدەکات و بە چەند شارێکی ئێراندا دەڕوات.
سوپاسالاری گشتی ئێران رایگەیاند: تیمێکی باڵای سەربازی لەگەڵ ژمارەیەک شارەزا و کەسی تەکنیکی دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوەی ورد لە بارەی هۆکاری کەوتنە خوارەوەی کۆپتەرەکەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران.
دەسەڵاتدارانی ئێران ترسیان هەیە لەوەی رووداوی گیانلە دەستدانی سەرۆکی وڵاتە، ببێتە هۆکاری دروستبوونی پشێوی، بۆیە سەرۆکی داواکاری گشتی ئێران داوای لە هەموو داواکارە گشتییەکان کردووە داوای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار بکەن، کە دژی رژێمی وڵاتەکە قسە دەکەن.
مانگی سووری ئێرانی دەڵێت: تەنیا تیمە فریاگوزارییەکانی ئێران توانییان بگەنە شوێنی رووداوەکە، کۆمەک و هاوکاری هیچ وڵاتێکمان پێویست نەبوو، ئاژانسی ئانادۆڵۆش وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت ئەگەر درۆنە تورکییەکە نەبوایە ئێران شوێنی کۆپتەرە تێکشکاوەکەی بۆ نەدەدۆزرایەوە.
سەرۆکی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران دەڵێت: هەموو تەرمەکانمان ناسییەوە و پێویست ناکات ببرێنە پزیشکی دادوەری و توێکارییان بۆ بکرێت، ئەم لێدوانە گومانی لای خەڵک دروستکردووە، بەڵام ئاژانسی تەسنیم دەڵێت نەخێر وانییە هەموو تەرمەکان دەبرێنە پزیشکی دادوەری.
پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەو تیمەی لەگەڵی بوون، بەهای تومەنی ئێرانی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێران لە پرسەدایەو بازاڕی دراوی ئەو وڵاتە داخراوە، بۆیە هەموو ئەوانەی لەسەر تومەن هەن نرخی راستەقینە نین.