لە گوندێکی بەردەڕەش

بە نیەتی دۆزینەوەی زێڕ کەسانی نەناسراو شوێنەوارێک هەڵدەکۆڵن

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

لە گوندی گرێگای سەر بە قەزای بەردەڕەش، گردێکی شوێنەواری هەیە کە شوێنەوارێکی دێرینە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری ئاکرێ تۆمارکراوە، “چەند کەسێکی نەناسراو” بە مەبەستی دۆزینەوەی زێڕ هەڵیانکۆڵیوە و شێواندوویانە.

کەسە نەناسراوەکان، دوای ئەوەی گردەکە هەڵدەکۆڵن لە پاش خۆیان هەندێک لە ئێسکوپروسکی مرۆڤ و هەروەها شوێنەواری خشت و ماڵی کۆن جێدەهێڵن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 20.5.2024، هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ بە 964ی وت، “چەند رۆژێک، ژمارەیەک کەسی نەناسراو لە گردێکی شوێنەواری گوندی گرێگای سەر بە قەزای بەردەڕەش بە مەبەستی بینینەوەی کەلوپەلی شوێنەواری و دۆزینەوەی زێڕ کاری هەڵکۆڵینیان ئەنجامداوە، لە دوای خۆیان ئێسکوپروسکی مرۆڤ و خشتی کۆن، کە بۆ دروستکردنی خانوو بەکارهێنراوە جێهێشتووە”.

بە قسەی بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاکرێ، “لەلایەن خۆیانەوە لیژنەیەکی تایبەتیان دروستکردووە، سبەی سێشەممە سەردانی شوێنەکە دەکەن و راپۆرتێک بەرز دەکەنەوە بۆ قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش و هەروەها دەزگا ئەمنییەکانی ئەو قەزایە، بۆ ئەوەی رێوشوێنی تایبەت بگرنەبەر  و تۆمەتباران دەستگیربکرێن”.

بە گوێرەی سۆراغی 964، لە لێکۆڵینەوە و شوێنپێی سەرەتایدا بۆ شوێنەواری ئاکرێ دەرکەوتووە، ئەو کارە لەلایەن گرووپێکەوە ئەنجام دراوە، بێ ئەوەی بزانرێت ناسنامەی گرووپە کێن لە ناوخۆی قەزاکەن یان دەرەوەی، “ئەوانیش بە دەستدرێژیکردنە سەر شوێنەوار و شارستانیەتی کۆنی ناوچەکەی دەبینن”.

لە سنووری قەزای بەردەڕەش ژمارەیەکی زۆری گردی شوێنەواری هەن، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری و ساسانییەکان، “ئەم گردەی ئێستا کە گرووپەکە دەستدرێژییان کردووەتە سەری، یەکێکە لەو شوێنەوارانە، هەرچەندە بەڕای ئێمە هیچ کەلوپەلێکی بەنرخی وەک زێڕ و خشڵ لە شوێنەوارەکەدا نییە”، هیوا شەماڵ وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

هاوڵاتیانى بەردەڕەش نیگەران لە چاڵوچۆڵییەکانى رێگاى ن...

هاوڵاتیانى بەردەڕەش نیگەران لە چاڵوچۆڵییەکانى رێگاى ناوداران

لە گوندێکی بەردەڕەش سەرجەم ماڵەکان بەخۆر کارەبا بەرهە...

لە گوندێکی بەردەڕەش سەرجەم ماڵەکان بەخۆر کارەبا بەرهەم دێنن