پۆلیس لێکۆڵینەوەکانى دەستپێکرد

بازاڕەکەى کەرکوک بە دەستى ئەنقەست سوتێنراوە؟

964+

وریا فەتاح

“سەرەتا ئەو سینییەى لە شێوەى بورجە و هێڵى ئینتەرنێتى دوکاندارەکانى لەسەرە سوتێنراوە و دواتر ئاگرەکە کەوتووەتەوە”، ئەوە ئەو گومانەیە کە پۆلیسى ناچار کردووە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات لە هۆکارى سوتانى بازاڕەکەى کەرکوک.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتێک دوکاندارەکانى بازاڕى خان قردار لە شیرینى خەودا بوون، ئاگرێک لە دوکانەکانیان بەربووە و خەبەرى کردوونەتەوە.

تائێستا ئەنجامى کۆتایى هۆکارى ئاگرەکە و زیانەکانى بە فەرمى نەخراوەتەڕوو، بەڵام ئەوەى هەیە 100 بۆ 150 دوکان سوتاون و زیانیان پێگەیشتووە.

964 سۆراغى بۆ هۆکارى سوتانەکە کردووە و لەگەڵ ژمارەیەکى زۆر لە دوکاندارانى بازاڕەکە قسەى کردووە، ئەوان بڕوایان بەوە نییە کە هۆکارى ئاگرەکە شۆرتى کارەبا بووبێت، بەڵکو پێیان وایە “دەستى ئەنقەست”، ئاگرەکەى کردووەتەوە.

چەند دووکاندارێک بە 964یان وت، سەرەتا سینى هێڵى شەبەکەى ئینتەرنێتى بازاڕەکە کە لە سەربانى بازاڕەکە سوتێنراوە و دواتر ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

ئەمە تەنیا بۆچوونى دوکاندارەکان نییە، ئەحمەد رەمزى کۆپرلو، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەسەر لیستى بەرەى تورکمانى کە بۆ 964 قسەى کردووە، هەمان بۆچوونى هەیە و بە 964ـى وت،”دەستێک ئاگرەکەى کردووەتەوە و سەرەتا سینى هیڵى ئینتەرنێتەکەى سوتاندووە بۆ ئەوەى شوێنپێى تاوانەکە بشارێتەوە و هەروەها رێگرى بکات لەوەى دوکاندارەکان چاودێرى دوکانەکانیان بکەن لە رێگەى ئینتەرنێتەوە”.

دوکاندارەکانى ئەو بازاڕە لە رێگەى ئەو هێڵى ئینتەرنێتەوە، کامێرایان بۆ دوکانەکانیان داناوە و چاودێرى دوکانەکانیان دەکەن

ئەم دەنگ و بۆ چوونە لەبارەى سوتاندنى بە ئەنقەستى بازاڕەکە، پۆلیسى ناچار بە لێکۆڵینەوەى جدى کردووە، عامر نورى، وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک بە 964ـى وت،”لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە پۆلیس و بەرگرى شارستانى پێکهێنراوە، جارێ کەس نازانێت هۆکارەکە چییە، ئەو لیژنەیە لێکۆڵینەوە دەکات و ئەنجامى ئەو لێکۆڵینەوەیە بڕیار دەدات هۆکارەکە چى بووە”.

لەبارەى بۆچوون و قسەى دوکاندارەکان و ئەو ئەندامى ئەنجومەنە کە دەوترێت بە دەستى ئەنقەست ئاگرەکە کەوتووەتەوە، وتەبێژى پۆلیسى کەرکوک باسى لەوەکرد، جارێ کەس نازانێت، ئەوە تەنیا قسەیەکە، بەڵام “هەرچى خۆڵ و خاشاک و وایەرى دنیایە لەوێ کۆبووەتەوە”.

بۆ قسەکردن لەگەڵ بەرگرى شارستانى کەرکوک، 964 سێ جار پەیوەندى بە سینان ئەکرەم، وتەبێژى بەرگرى شارستانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکەى وەڵام نەدایەوە.

بازاڕى خان قردار لە ساڵى 1883 دروستکراوە و ئێستا شتومەک و کاڵاى ژنانە و بابەتى ماکیاژ و جوانکارى ژنانەى تێدا دەفرۆشرێت

لەم سۆراغەدا، کاروان ساڵحى پەیامنێرى 964 لە کەرکوک، هاوکار بووە.

دوکاندارانی بازاڕی خان قردار زیانی زۆری مادییان  بەرکە...

دوکاندارانی بازاڕی خان قردار زیانی زۆری مادییان بەرکەتووە