"زۆربوون و مەترسییان هەیە"
لە رانیە سەگە بێلانەکان کۆدەکرێنەوە
964+
پێشەوا محەمەد
سەگە بێلانەکان لە شاری رانیە زۆربوون و خەڵکیان بێزار کردووە، قایمقامی رانییەش دەڵێت، لە هەوڵی جێبەجێکردنی پلانێکدان بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان.
تا ئێستا شێڵتەر لە رانییە و ئیدارەی راپەڕین نییە و ئەوە یەکێکە لە کێشەکانی ئیدارەکە.
حسێن محەمەد، قایمقامی رانیە بە 964ـی راگەیاند، دوو پلانیان هەبووە، یەکێکیان نەهێشتنی دیاردەی ئاژەڵداری بووە لەناو رانییە و ماوەی هەفتەیەک بۆ جێبەجێکردنی هەیە و دوای ئەویش سەرقاڵی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان دەبن.
وتیشی، “ئێستا لە گفتوگۆی ئەوەداین سەگەکان چی لێبکەین و لەکوێ کۆیان بکەینەوە و چەند پێشنیارێک هەیە دوای بڕیاردان ئاشکرای دەکەین و دەستبەکار دەبین”.
بەپێی زانیارییەکانی 964 کە لە ڤێتێرنەریی راپەڕینەوە پێیدراوە، سەگەکانی شارەکە ڤاکسین نەکراون و بوون بە کێشە و بێزاری بۆ هاوڵاتیان.
“سەگەکان دەچنە ماڵانەوە و پەلاماری جوچک و مریشک دەدەن و مەترسیدارن و رەنگە پەلاماری منداڵان و کەسانی بەتەمەنیش بدەن”، ئەوەش قسەی قایمقامی رانییەیە.