ئاینور دۆغان
“بە کوردی گۆرانی دەڵێم لە تورکیا کێشەم بۆ دروست دەکەن”
964+
ئاکام غەفور – سۆران
ژنه سترانبێژی بەناوبانگی باکوری کوردستان ئاینور دۆغان بۆ 964 ئاشکرای دەکات، هەمیشە لە تورکیا رووبەرووی کێشە دەبێتەوە، چونکە بە زمانی دایک قسە دەکات و گۆرانی دەڵێت.
ئاینور دۆغان بە دوو کۆنسێرتی گەورە لە زاخۆ و سۆران هەوادارانی کۆکردەوە، لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ 964 وتی، “لە تورکیا حەز لە دەنگ و ستایلی گۆرانی و میوزیکی من دەکەن بەڵام چونکە بە زمانی دایکم و بە کوردی گۆرانی دەڵێم کێشە درووست دەکەن و دەڵێن نابێت”
ئاینور دۆغان لەدایکبووی 1975 پارێزگای دێرسیمی باکوری کوردستانە ، یەکەم ئەلبومی لە 2002 بڵاوکرایەوە و بەهۆی گۆرانی کچا کوردان ناسراو و بۆ ماوەیەکیش لە دادگای تورکیا بڕیاری قەدەغەکردنی گۆرانیەکەی درا.