100 ملیار دینار پێویستە
325 هەزار فەرمانبەری هەرێم پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی بەدواداچوونێکی 964 دەرکەوتووە، لە هەرێمی کوردستان 325 هەزار فەرمانبەر فەرمانی پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یەکێتیی فەرمانبەرانەوە بە 964 دراوە، ژمارەی فەرمانبەرانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان 682 هەزار و 141 فەرمانبەرە.
یوسف عوسمان عەوێنەیی، سەرۆکی دەستەی باڵای یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 100 ملیار دینارە بۆ گێڕانەوەی شایستەی فەرمانبەران لە کاتی پلەبەرزکردنەوەدا.
بەپێی نووسراوی وەزارەتی دارایی، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە 1.1.2016ـەوە تا 1.5.2024 دەبێت و ئێستا داوای وردبینی لە وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان کراوە بۆ رەوانەکردنی لیستی ئەو فەرمانبەرانەی پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە.
“پلەبەرزکردنەوە مافی فەرمانبەرانە و پێویستە فەرمانەکەیان جێبەجێ بکرێت و ئەو شایستە داراییەشیان بۆ بگەڕێتەوە، کە بەهۆی پلەبەرنەکردنەوەیانەوە پێیان نەدراوە”، ئەوەش قسەی یوسف عوسمان عەوێنەییە.