نزیکەی دوو هەفتەیە
دوو ناحیەی سنووری قەزای ئامێدی کێشەی کەمی غازیان هەیە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
زیاتر لە 15رۆژە هاوڵاتیانی ناحیەی شیلادزێ و دێرەلۆک کێشەى کەمى غازیان هەیە، دۆخەکە وای لێهاتووەخەڵک سەرە دەگرن بە ئومێى ئەوەى بوتڵێک غازیان بەربکەوێت.
لە ناحیەی شێلادزێ دوو کارگەی غاز هەن، خاوەنی گۆرەپانەکان بەهۆی کەمی غاز تەنیا غاز دەدەن بەو کەسانەی کە بۆ سەرەگرتن ناویان نوسیوە، مانگێک لەمەوبەر تەنیا شەش تانکەر، غازیان بۆ ناحیەی شیلادزێ دەگواستەوە، بەڵام نزیکەی مانگێکە 10 رۆژ جارێک تەنیا سێ تانکەر غاز دەگوازنەوە.
زیاد حەسەن، هاوڵاتیەکی ناحیەی شێلادزێیە لە کۆمەڵگای سیریێ، بە 964ـی وت، زیاتر لە دوو هەفتەیە کێشەی کەمی غازمان هەیە، هاوڵاتیان ناویان تۆماردەکەن و بە پێنج رۆژێش پێمان ناگات، نرخەکەش 9500 دینارە، داوا دەکەین بە زووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت.
ئەمرۆ پێنجشەممە 16.5.2024، زەڤەر تارق، بەرپرسی هۆبەی سووتەمەنی لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک بە 964ـی وت، لەم مانگەدا دووەمجارە رێگە لە بارهەڵگرەکان دادەخرێن لەلایەن هاوڵاتیان لە سنووری پارێزگەکانی هەولێر و سلێمانی، بەهۆی ئەو گرفتەوە چەند هەفتەیەکە کێشەی کەمی غاز هەیە لە زۆربەی ناوچەکان. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دواکەوتنی گەیاندن و دابەشکردنی غاز.
وتیشی، لە هەفتەی داهاتوودا گرفت و کێشەی کەمی غاز لە سنووری قەزای ئامێدی چارەسەر دەبێت و دوبارە گۆرەپانەکان غازیان بۆ تەرخاندەکرێت و بەسەر هاوڵاتیانی ناحیەکە دابەشدەکرێت.
964 دەزانێت، لە زۆربەی شوێنەکان بریکارەکانی غاز بە پۆستەرێک نوسیویانە “غاز نییە” بۆ ئەوەی هاوڵاتیان تەلەفونیان بۆ نەکەن.
لە سنووری قەزای ئامێدی سێ کارگەی غاز هەیە و زیاتر لە 15 گۆرەپانی غازیش هەن.
پێداچوونەوە: هاوبەش