"بێزار بووین"
دانیشتوویەکی خۆشناوەتی: شەو و رۆژ تەنیا دەنگی تڕێلە دەبیستین
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
بارهەڵگرەکان ئەم ماوەیە هەرچی دەکەن و هەر رێگەیەک دەگرنەبەر بۆیان نایەت و بەسەریاندا دادەخرێ، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 14.5.2024 دانیشتووانی ناحیەی سکتان هاوشانی کۆیە و بالیسان رێگایان بەڕووی بارهەڵگران داخست.
ئێستا رێگای دۆڵی خۆشناوەتی و رێگای چوون بۆ ناو ناحیەی سکتان لەلایەن بەشێک لە دانیشتووانی ناحیەکەوە داخراوە.
پەیامنێری 964 لە شوێنی داخستنی رێگاکە ژمارەیەک هاوڵاتی دواندووە، یەکێک لەو هاوڵاتیانە دەڵێت، “بە شەو بە رۆژ تەنیا دەنگی تڕێلە دەبیستین و بێزار بووین، رێگاکەمان زۆر خۆش نییە، ئێستا بەهۆی ئەو بارهەڵگرانەوە رێگای 10 خولەکیمان بووە بە یەک کاتژمێر”.
هاوڵاتییەکی دیکە دەڵێت، “داواکارین رێگەکانی دیکەی کە داخراون بە رووی شۆفێرانی بارهەڵگر، بکرێنەوە، بۆ ئەوەی تەواوی فشاری هاتنی بارهەڵگرەکان لەسەر ئەم رێگەیە نەبێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا