لە رووی تەندروستییەوە
حاجیانی سۆران بۆ حەج ئامادە دەکرێن
964+
ئاکام غەفور-سۆران
رێکارە تەندروستییەکان بۆ ئەو کەسانەی گەشتی حەج ئەنجام دەدەن لە ئیدارەی سۆران دەستی پێکرد و لە ئەمڕۆوە ڤاکسینیان لێ دەدرێت.
ئەمڕۆ یەکەم رۆژی ئەنجامدانی رێکارەکانە و ئەو کەسانەی ناویان بۆ گەشتی حەجی ئەمساڵ دەرچووە لە مزگەوتێکدا کۆکرانەوە تاوەکو پشکنینیان بۆ بکرێت.
هەر یەکێک لەوانەی کە گەشتی حەج دەکەن سێ ڤاکسین وەردەگرن و دەفتەرێکیشیان بۆ دروست دەکرێت کە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن بۆ حەج.
دکتۆر کاروان جەمیل، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی سۆران بە 964ـی وت، ئەو ڤاکسینانەی بە حاجیان دەدرێت سیانیان بە شێوەی دەرزی و جۆرێکیشیان بە حەپ دەبێت و دژی نەخۆشی هەو کردنی سییەکان، هەوکردنی پەردەی مێشک، پەتای وەرزی و نەخۆشی گوازراوەکانن.
وتیشی.”بڕیار وایە هەر ئەمڕۆ پشکنینی سەرجەم حاجییەکان تەواو بکرێت، بەڵام ئەگەر نەتوانرا ئەوا بەیانیش بەردەوام دەبن”.
مەلا یوسف چۆمانی، جێگری بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران بە 964ـی وت، “ئەو دەفتەرەی بۆیان دروست دەکرێت بۆ ئەوەیە ئەگەر لەماوەی سەفەری حەجدا نەخۆش کەوتن چارەسەریان بۆ بکرێت، هەر حاجییەک ئەو دەفتەرەی نەبێت لەوێ چارەسەری بۆ ناکرێت”.
بەپێی ئەو ئامارانەی لە ئەوقافی سۆران دەست 964 کەوتووە، ئەمساڵ لە ئیدارەی سۆران نزیکەی 300 کەس بەشداری فەریزەی حەج دەکەن، 118 کەسیان بە رێگای وشکانی و 180کەی دیکەش بە فڕۆکە گەشتەکەیان دەکەن.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین