دیمەنی ئەو کارگەی دەستی بەسەردا گیراوە - وێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
لێکۆڵینەوە کراوە
دادگای کەرکوک – گەرمیان: تۆمەتبارانی کارگەی ماددە هۆشبەرەکە خەڵکی کوردستان نین
964+
ئەحمەد مستەفا
لە بارەی ئاشکرابوونی کارگەیەکی ماددەی هۆشبەر لە دەربەندیخان، لە روونکردنەوەیەکدا سەرۆکایەتى دادگاى تێهەڵچوونەوەى ناوچەى کەرکوک – گەرمیان دەڵێت، “تۆمەتبارەکان خەڵکى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن وە پەیوەندییان نیە بەسنورەکەمانەوە”.
شەوی 5.5.2024 هێزەکانی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، “لە چەند شەوی رابردوودا، هێزێکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، لە سلێمانییەوە چوون بۆ گوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان و دەستیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرتووە”.
دادگاکە ئەمڕۆ یەکشەممە 12.5.2024، لە بڵاوکراوەیەکدا کە 964 بینیویەتی ئەوەی وتووە، “ماوەیەکە دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەتەوە کە لە سنورى گەرمیان دەستگیراوە بەسەر کارگەیەکى ماددەى هۆشبەر، وە ئەم رووداوەش وەکو هەر تاوانێکى تر کارى لێکۆڵینەوەى تێدا کراوە، رێکارى پێویستى تێدا گیراوەتەبەر وە تۆمەتبارەکانیش دەستگیرکراون”.
روونکردنەوەکەی دادگا نیگەرانی پێوە دیارە و بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کەسە دەستگیرکراوەکان کێن؟ ئەوەشیان نوسیوە، “ئەوەى لێرەدا بە پێویستى دەزانین روونى بکەینەوە ئەوەیە، کە تۆمەتبارەکان خەڵکى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن وە پەیوەندیان نییە بەسنورەکەمانەوە، وەک هەمیشە گەرمیان رەمزە بۆ فیداکارى و قوربانیدان و پابەندبوون بە بەها بەرزە مرۆڤایەتییەکان”.
عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، “لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەردا، لە نزیک قەزای دەربەندیخان، دەستیانگرتووە بەسەر 150 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا و کارگەکەشیان لەناوبردووە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانەی کە لە سوریاوە پێماندراوە، کارگەکەمان لەناوبردووە و چوار کەسیشمان دەستگیرکردووە”.
کارگەکە لە ناو کێڵگەیەکی پەلەوەردا بووە و بەپێی وتەی بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان لە دەزگای ئاسایشی هەرێم، “کارگەکە ئەرکی بەرهەمێنانی کریستاڵ بووە، کە بە نهێنی کریستاڵ لەو کارگەیە بەرهەمهێندراوە و رەوانەی وڵاتان و ناوچەکانی عێراق کراوە”.