ئێستا
شۆفێرانى بارهەڵگر سێڕیانى هیزۆپیان داخست
ژێوار خدر- رانیە
شۆفێرانى بارهەڵگر سێڕیانى هیزۆپیان داخست و هاتوچۆى هاوڵاتیانیان پەکخست، دەشڵێن، 15ـى ئەم مانگە جموجۆڵى بازرگانى رادەگرن.
سێڕیانى هیزۆپ، رێگایەکى سەرەکییە، دەڤەرى راپەڕین بە هەولێر و سلێمانى و کۆیە و شەقڵاوە، دەبەستێتەوە.
بە وتەى شۆفێران کە قسەیان بۆ 964 کردووە، هۆکارى داخستنى رێگەکە بۆ ئەوەیە حکومەت بەدەمیانەوە بێت و رێگایەکیان بۆ بدۆزێتەوە هاتوچۆى پێدا بکەن، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، “هەموو رێگاکان بەڕووماندا داخراون”.
ئیبراهیم عەلى، یەکێک لە شۆفێرانى بارهەڵگر بە 964ـى وت، “بێزار بووین، هەموو رۆژێک رێگایەکمان بەڕوودا دادەخەن و نازانین بە کوێدا هاتوچۆ بکەین”.
بێژەن عەبدولقادر، یەکێکى دیکەیە لە شۆفێرانى بارهەڵگر، قسەى بۆ 964 کرد و وتى، “پەیوەندیمان لەگەڵ سەرجەم شۆفێرانى بارهەڵگر لەسەرتاسەرى عێراق هەیە، بڕیارە 15ـى مانگ بایکۆتى سەرتاسەرى رابگەیەنین و جوڵەى بازرگانى پەکبخەین تا وەڵاممان دەدەنەوە”.
جگە لەوەى هەموو رێگاکانیان لێداخراون، ئەو شۆفێرە دەشڵێت، بازگەکانیش تا 12ـى شەو بەڕوویاندا کراوەن، بۆیە زۆرجار شۆفێرێک بۆ ئەوەى زوو بگات بە بازگەکە، توشى رووداوى هاتوچۆ دەبێت.
ئەو شۆفێرانەى لە سێڕیانى هیزۆپ گردبوونەتەوە، ژمارەیان 150 شۆفێرە و خەڵکى سنوورى ئیدارەى راپەڕینن و بارهەڵگرەکانیان هێناوەتە ناوەڕاستى رێگاکە و رێگایان داخستووە.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح