هەر رۆژە و بەزمێکیان پێدەکەن

جوتیارانى کورد لە کەرکوک بە تەنیا جێهێڵدراون

964+
وریا فەتاح

ئێستا کە لە سنوورى کەرکوک خەریکە وەرزى دروێنەکردن تەواو دەبێت، بەڵام گەنم و جۆى جوتیارانى کورد دەستى لێنەدراوە و رێگە نادرێت دروێنەى بکەن، ئەوە جگە لەوەى هەر رۆژە و گەڕێکیان پێدەکرێت و دادگا و سوپاى عێراقیش لە دژى جوتیاران وەستاونەتەوە.

کێشەکە چییە؟
کێشەى جوتیارانى کورد و تورکمانى کەرکوک ریشەیەکى لەمێژینەى هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ حەفتا و هەشتاکانى سەدەى رابردوو، 964 لەم سۆراغەدا دەگەڕێتەوە بۆ بنەڕەت و کێشەکان هەڵدەداتەوە.
لە کەرکوک، سێ ملیۆن دۆنم زەوى کشتوکاڵى هەیە، یەک ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەوى لە نێو پلانى کشتوکاڵیدایە و یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوى دیکەش کێشەى موڵکدارى لەسەرە.
پلانى کشتوکاڵى، واتا ئەو زەوییانەى کێشەى موڵکدارییان نیە و لەلایەن کشتوکاڵى کەرکوکەوە دانپێدا نراون.
ئەو شوێنانەى کەرکوک کە جوتیارانى کورد و بەشێکى تورکمان کێشەى زەوى و زاریان هەیە ئەمانەن (سەنتەرى کەرکوک، لەیلان، داقوق، دوبز، سەرگەڕان، تازە، تۆبزاوا، یایچىن، بەشیر، پەڵکانە و چەندین گوند و ناوچەى دیکە).

لەم شوێنانەى کە ئێستا جوتیارانى کورد و تورکمان کێشەى موڵکایەتییان هەیە، لە بنەڕەتدا خاوەنەکانیان زۆرینەى کوردە و تاپۆى رەشى ساڵى 1937یان هەیە، بەڵام بە بڕیارى 949 کە حکومەتى ئەوکاتى عێراق لە ساڵى 1975 دەریکرد دەستیان بەسەر زەوى 10 گوندى سنورى سەرگەڕاندا گرت و خەڵکەکەیان ئاوارە کرد و عەرەبى هاوردەیان خستە شوێنیان.
دواتر لە ساڵى 1987 بەشى دووەمى زەوییەکانى چەند گوندێکى دیکەیان دەستبەسەرداگرت و خەڵکەکەیان ئاوارە کرد.
لە هەردوو حاڵەتەکە عەرەبى هاوردە هاتنە سەر زەوى و ماڵى جوتیارانى کورد.

بە گشتى بنەڕەتى کێشەکان دوو بڕیارى لەپشتە کە ئەمانەن:

یەکەم: بڕیارى لیژنەى کاروبارى باکور لە ساڵى 1987 بەو بڕیارە 900 هەزار هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى جوتیارانى کورد و تورکمان لە خاوەنە رەسەنەکانیان وەرگیرایەوە و درا بە عەرەبى هاوردە.
دووەم: بڕیارى ئەنجومەنى سەرکردایەتى شۆڕش (قیادة الثورة) کە لە ساڵى 1982 دەرکرا، بەپێى ئەم بڕیارە 300 هەزار دۆنم زەوى کشتوکاڵى لە جوتیارنى کورد و تورکمان وەرگیرایەوە و ناچارکرا بە بڕە پارەیەک وەک قەرەبوو، دواتر ئەو زەوییانە بەشێکى درا بە عەرەبى هاوردە و بەشێکى دیکەشى درا بە چەند وەزارەتێکى حکومەت.

2003 پڕۆسەى ئازادى دەستى پێکرد

کێشەى جوتیارانى کورد لە حەفتا و هەشتاکان و نەوەدەکانى سەدەى رابردووەوە تا پڕۆسەى ئازادى بەردەوام بووە، بەڵام کاتێک لەو ساڵەدا پڕۆسەى ئازادى دەستپێدەکات، عەرەبى هاوردە شوێنەکانیان جێدەهێڵن و جوتیارانى کورد دەگەڕێنەوە.
بە گوێڕە محەمەد ئەمین، نوێنەرى جوتیارانى سەرگەڕان کە بۆ 964 قسەى کردووە، لە دواى پڕۆسەى ئازادى، چونکە عەرەبى هاوردە خۆى بە خاوەن نەدەزانى بۆیە یەکسە شوێنەکانیان چۆڵکرد و جوتیارانى کورد گەڕانەوە.
بە وتەى نوێنەرەکەى جوتیاران، ئەوان کاتێک گەڕانەوە بەهیوابوون لەگەڵ حکومەتى نوێدا ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە و بەهیوا بوون مادەى 140 و بڕیارەکانى دیکەى حکومەت ئەو مافانە بەرجەستە بکەن، بەڵام حکومەت نەک ئەوەى نەکرد و کێشەکە بە هەڵواسراوى مایەوە.

16ـى ئۆکتۆبەر، عەرەبى هاوردە گەڕایەوە

لە دواى رووداوەکانى 16ـى ئۆکتۆبەر و نەمانى هێزى کوردى لە سنورەکە، عەرەبى هاوردە رێگەى بۆ گەڕانەوە خۆشکرد و سەرەتا 10 ماڵى عەرەبى هاوردە لە گوندى سەرگەڕان نیشەجێکران و ئەوەش بوو بە کێشەیەکى بەردەوام لە نێوان جوتیاران و عەرەبى هاوردە لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان.

کێشەکانى دواى 16ـى ئۆکتۆبەر چین

یەکەم: لە وەرزى چاندن و رشاندن و دروێنەکردن، لەلایەن سوپا و عەرەبى هاوردەوە رێگرى لە جوتیاران دەکرێت.
دووەم: عەرەبە هاوردەکان کێشەکەیان بردووەتە بەردەم دادگا و هەندێ بڕیار لە دژى ئەوان دەرکراون و یان کێشەکە بە هەڵواسراوى ماوەتەوە.
سێیەم: بەهۆى کێشە یاساییەکانەوە، لەلایەن کشتوکاڵى کەرکوکەوە ئەو زەویانە خراونەتە دەرەوەى پلانى کشتوکاڵى، هەربۆیە بەرهەمى گەنم و جۆى ئەو جوتیارانە لەلایەن حکومەتەوە وەرناگیرێت و جوتیاران ناچارن لە بازاڕى رەشدا بە نرخێکى کەم ساغى بکەنەوەز
چوارەم: زۆر جار بەروبوومى کشتوکاڵى جوتیاران بە دەستى ئەنقەست دەسوتێنرێت و جوتیاران رەنج بەخەسار دەکرێن.

کۆتایى کیشەکە لە کوێیە؟

بە وتەى نوێنەرى جوتیارانى سەرگەڕان، هەرچەندە لە ساڵى 2012 ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بە بڕیارى ژمارە 29، بڕیارەکانى لیژنەى کاروبارى باکورى هەڵوەشاندەوە و دۆخەکەى گەڕاندەوە بۆ خاڵى سەرەتا، بەڵام تائێستاى لەگەڵ بێت ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.
ئێستا سکاڵایەکى کورد لەبەردەم دادگاى فیدڕاڵییە بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى دادگاى باڵاى شۆڕش، لەکاتێکدا پێشتر حکومەت بەنیاز بوو سەردەم بڕیارەکان هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام سوننەکان ناڕازى بوون و داوایان کرد بە یاسا لە پەرلەمانەوە هەڵبوەشێتەوە چونکە ئەوە یاسایە و بە بڕیار هەڵناوەشێتەوە.
ئەحمەد عەزیز، جوتیارێکى گوندى پەڵکانە و دەیان دۆنم زەوى بە گەنم و جۆ چاندووە، بەڵام رۆژانە بەدیار گەنم و جۆکەى دەوەستێت و لەلایەن سوپاوە پێى وتراوە کە دروێنە نەکات.
ئەو جوتیارە بە 964ـى وت،”دەبوو تائێستا دروێنەى جۆمان بکردایە، بەڵام رێگەمان پێنەدراوە و بەهۆى بارانەکەشەوە 50%ى بەرهەمەکەم تێدا چووە و ئێستاش ترسم هەیە گەنمەکەشم بە هەمان دەرد بڕوات”.
ئەو باس لەوە دەکات، سوپا پشتگیرى عەرەبى هاوردە دەکات، وەک خۆى دەڵێت، دەسەلاتى سوپایان نییە، بەڵام ئەگەر سوپا تەداخول نەکات عەرەبى هاوردە ناتوانێت رێگەیان لێ بگرێت.

جەختیش دەکاتەوە،” خاک دایکە و خاکیش نە دەفرۆشرێت و نە جێدەهێڵرێت”.

لە کەرکوک شۆفێرانى بارهەڵگر گردبوونەوە

لە کەرکوک شۆفێرانى بارهەڵگر گردبوونەوە

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن

جوتیارانى سەرگەڕان و پەلکانە داواى بەهاناوەچوون دەکەن