خۆپیشاندەرانی خورماڵ: کارەباوە تەندروستیمان بۆ باش بکەن

964+

محەمەد عومەر – هەڵەبجە

خۆپیشاندانەکەی بیارەو خورماڵ و تەوێڵە دژی نەبوونی خزمەتگوزارییەکان، تەواوی سنووری هەورامانی گرتەوە.

ئەمرۆ 18ـی کانونی دووەم، هاوڵاتیانی ناحیەی بیارە و خورماڵ و تەوێڵە دژی نەبوونی خزمەتگوازاری گردبونەوە.

خاڵی سەرەکی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نارەزایەتی ئەو سنوورە، کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا و لاوازی کەرتی تەندروستی بوو لەو دەڤەرە.

سوبحان محەمەد، یەکێک لە خۆپیشاندەرانە بە 964+ـی وت “لە ئێستادا شەو و رۆژێک حەوت کاتژمێر کارەبا هەیە، لە رووی جادەوبانەوە رێگەی چوونی قوتابیانمان بۆ قوتابخانە زۆر خراپە و بە زەحمەت هاتوچۆ دەکەن”.

خۆپیشاندەرێکی دیکەی بەشداربوو کە دانیشتووی بیارە بوو دەڵێ چەندان کێشەمان هەیە بۆیە نارەزایەتیمان دەربڕیوە.

سەربەست حوسێن، بەشداربووێکی خۆپشاندانەکەیە و دانیشتووی ناحیەی بیارە بە 964+ـی وت، “ئێمە وەک دانیشتووانی بیارە زۆر ناڕازین لە خزمەتگوزاری لە ناحیەکەمان، کەمی کارەبا گرفتەکانی کەرتی تەندروستی و چەندان کێشەی تر هۆکارە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینمان”.

سوبحان محەمەد، کە بۆ داواکاری کارەبا و تەندروستی هاتۆتە سەر شەقام، ئێستا داوا دەکات ناحیەی خورماڵ بکرێتە قەزا، بۆ ئەمەش دەڵێ: پارێزگای هەڵەبجە هیچ قەزایەکی لەسەر نییە، داوا دەکەین خورماڵ بکرێتە قەزا.

فەرەیدون مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ بە 964+ـی راگەیاند: گرفتی کارەبا بەهۆی کەمی ڤۆڵتییەوە بوو، بەڵام ئێستادا توانیومانە کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین، ئێمە کارەبامان زۆر باشە بەڵام کێشەی کەمی ڤۆڵتیەمان هەیە”.

زیاتر وتیشی “سەبارەت بەو کەمپینەی کە داوایان کردووە ناحیەی خورماڵ بکرێتە قەزا، داواکاریمان بەرزکردوەتەوە بۆ پارێزگای هەڵبەجە کە کار لەسەر بە قەزابوونی خورماڵ بکەن”.

خورماڵ، لە ساڵی 1927ـەوە کراوەتە ناحیە و ئێستا ژمارەی دانیشتووانەکەی 30 هەزار کەس زیاترن.