ئێران مەلایەکی کوردی بە داماڵینی جلەکەی سزادا

+964

هێرۆ مەولودی – هەولێر

دادگای ورمێ مامۆستایەکی ئایینی بە زیاتر لە چوار ساڵ سزادا بە تۆمەتی ئەوەی هانی خۆپیشاندانی داوە، هاوکات لە سزاکەشدا هاتووە لەمەدوا نابێت پۆشاکی مەلایەتی بپۆشێت.

دادگاکە تایبەتە بە روانین لەو کەیسانەی پەیوەندارن بە مامۆستایانی ئایینی.

دادگاکەی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان سزای زیندان و داماڵینی بەرگی مەلایەتی بەسەر مامۆستا یونس نەوەخا سەپاند.
بە پێی راپۆرتی تایبەتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مامۆستا یونس نەوەخا، مامۆستای قوتابخانەی ئایینی سەلاحەدین ئەیوبییە لە شاری پیرانشار، بە تۆمەتی ئەوەی شەش مانگ پێش ئێستا بەشداری لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران کردبوو، دەستگیر کراوە.
بە وتەی راپۆرتەکەی هەنگاو، لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مامۆستایەوە زانیارییەکانی دەستکەوتووە، مامۆستا یونس سزای چوار ساڵ و شەش مانگ زیندانی و داماڵینی بەرگی مەلایەتی بەسەردا سەپاندووە.