ناتوانن بچن بۆ هەولێر
بارهەڵگرانی مەرزی کێلێ مانیان گرت
+964
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
ئهمڕۆ چوارشهممه 7.5.2024 شۆفێرانی رێگای مهرزی كێلێ له سنووری قهڵادزێ مانیان گرت، بههۆی ئهوهی رێگای هاتنیان بۆ ههولێر لێگیراوه، بهڕێوهبهری مهرزهكهش دهڵێت ئهو بارودۆخه کاریگەری خراپی لەسەر داهاتی مەرزی کێلێ دروستکردووە.
حەسەن هەڵشۆیی، یەکێک لە شوفێرانی بارهەڵگر لە مەرزی کێلێ بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ چوارشەممە، نزیکهی 200 بارهەڵگری مەرزی کێلێ بە کۆی دەنگ مانمان گرت و گەڕاینەوە، لەبەر ئەوەی ماوەی زیاتر لە دوو مانگە رێگای چوون بۆ هەولێرمان لێگیراوە، هەر بارێک ببەین تەنیا رێگای هیران و نازەنین کراوەیە، زۆربەی بارەکانیشمان باری وشک نین وسەوزە و میوەن و بەهۆی دووریی رێگایەکە دەڕزن و خراپ دەبن، بۆ ئێمە زۆر دوورە و سێ رۆژمان پێدەچێت تا دەگەڕێینەوە”.
ئەو شۆفێرە وتیشی، ئێمە وەک بارهەڵگرانی مەرزەکە، بەکۆی دەنگ بایکۆتی مەرزی کێلێمان کردووە و ناچینەوە، تا ئەوکاتەی رێگاکانی کۆیە و سماقوڵی و بالیسانمان بەڕوودا نەکرێنەوە.
عەباس عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “بارهەڵگرانی مەرزی کێلێ رووبەڕووی سەختی بوونەتەوە، ماوەی دوو مانگ زیاترە رێگاکانی هەولێریان لێداخراوە، لە رێگای بالیسان و سماقولی و کۆیەوە ناهێڵن بارەکانیان ببەنە هەولێر، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر داهاتی مەرزی کێلێ دروستکردووە”.
بە پێی بەدواداچوونەکانی 964، بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ قسەی لەگەڵ شوفێرانی کێلێ کردووە و داوای لێکردوون بارەکانیان باربکەن و بەردەوام بن، بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون داخڵی ئێران ببن و بارەکانیان بگوازنەوە بۆ هەولێر و مانیان گرتووە.
بەڕێوەبەری گومرگی کێلێ روونیکردەوە: “سەرۆکی ئیدارەی راپەڕین و چەند کەسێک لە پلەی باڵادا لە کێشەکە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ چارەسەرێک نەکراوە بۆ کردنەوەی ئەو رێگایانە”.
مەرزی کێلێ 18 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێوە دوورە، نزیکی 300 شۆفێری بارهەڵگری هەیە، لە مەرزەكهدا رۆژانە نزیکەی 300 بارهەڵگر کەلوپەل لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنیا ئێران لەو دەروازەیەوە کەلوپەل هەناردە دەکات و هیچ کەلوپەلێک وەرناگرێت.
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا