مەترسی لەسەر ژیانیان نییە
ئاگر لە بەشەناوخۆیی دهۆک کەوتەوە و دوو خوێندکار سووتان
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
درەنگانی شەوی رابردوو و دوای کاتژمێر 12شەو ئاگرێک لە بەشەناوخۆیی خوێندکارانی زانکۆی دهۆک کەوتەوە و دوو قوتابی بریندار بوون.
هەردوو خوێندکارەکە خەڵکی ناحیەی کەلەکچین و لە دهۆک دەخوێنن، دوێنی لە کاتی دروستکردنی خواردندا، بوتڵی غازەکەیان تەقیوەتەوە و ئاگریان تێبەربووە و سووتاون، دواتر رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
د. شیرین ئەنوەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان و نەشتەرگەری و جوانکاری لە دهۆک، بە 964ی وت، دوێنی دوای کاتژمێر 12 دوو خوێندکارمان بۆ هاتووەتە نەخۆشخانە، کە بەهۆی تەقینی غازەوە لاشەیان سووتاوە، هەر یەکسەر لەلایەن پزیشکانەوە چارەسەریان بۆ کرا و ئێستا لە نەخۆشخانە داخل کراون و لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان.
وتیشی، “هەردوو خوێندکار تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 24 ساڵیدایە، یەکێکیان بە رێژەی 15% لاشەی سووتاوە و ئەوەیتریان بە رێژەی 10% سووتاوە، بەڵام تەندروستیان زۆر باشە و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە، و لە چەند رۆژی داهاتوو رەوانەی ماڵەوە دەکرێن”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا