داوای قەدەغەکردنی کیای بارهەڵگر دەکرێت

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

هۆشداری لەبارەی ئۆتۆمبێڵی جۆری کیای بارهەڵگر دەدرێت کە بەشی زۆریان دوکەڵی رەش دەردەدەن، دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت “داوامان کردووە رێگە بە هێنانی ئەوجۆرە نەدرێت”.

بەپێی ئەو سزایانەی لە ماڵپەڕی فەرمی هاتوچۆی هەولێر دیاریکراوەو +964 بینیویەتی، پارەی پیسکردنی ژینگە بۆ ماتۆڕسکیل ساڵانە پێنج هەزار دینارە، بۆ ئۆتۆمبێڵی کرێ ساڵانە 15 هەزار دینارە و بۆ ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگر و جۆرەکانی تر بۆ ساڵێک 20 هەزار دینارە.

رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەڵێت: نوسراومان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵی جۆری کە قەدەغەی هێنانی کیای بارهەڵگری دوو تۆنی بکەن.

وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە قسەی بۆ +964 کردووە، باس لەوە دەکات کە ئۆتۆمبێلێکی زۆر لە هەرێمی دوکەڵیان هەیە، بەڵام بێ ئەوەی هیچ ئامارێک بخاتەڕوو.

زیاتر وتی “بە تایبەت کیای بارهەڵگری دوو تۆنی، بەشی هەرە زۆریان دوکەڵی رەشیان هەیە، تەنانەت بە نوێیش دوکەڵ دەکەن”.

بەڵام هاتوچۆی هەولێر، دوکەڵی بارهەڵگرەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی کوالێتی گازوایل، ئەمەش لە کاتێکدایە بە قسەی وەستا جەمالی فیتەر کە دوکانەکەی لە ناوچەی پیشەسازی باشووری هەولێرە، دوکەڵی رەش لە ئەنجامی خراپی جۆری سوتەمەنی دروست دەبێت و دوکەڵی شین لە ئەنجامی خراپ بوونی مەکینەی ئۆتۆمبێڵ.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە +964ـی وت “ئەو سەیارانەی بارهەڵگرن و دوکەڵ دەکەن، دوکەڵەکەی هی جۆری گازەکەیە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێڵانەی بەهۆی ناتەواوی لە ماکینەکانیان دوکەڵ دروست دەکەن، مۆڵەت و ساڵیانەکەیان لێ وەردەگیرێ دواتر ناچار بە چاککرددنەوە دەکرێن، سزای پێ بژاردنیان، 20 هەزار دینارە”.

لە نوێترین ئاماریدا بەڕیوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 411 هەزار و 47 ئۆتۆمبێڵ تۆمارکراون.