ئاگادارییەک بۆ هەموو دەزگا میدیاییەکان

مافی خۆمان وەردەگرینەوە

964+

ژووری هەواڵی 964

ئاگادارییەک بۆ هەموو هاوکار و دۆستەکانمان لە کەناڵ و سایت و پەیجەکان، ماوەیەکی زۆرە بەشێکی زۆر لە میدیاکان وێنە و ڤیدیۆ و بەرهەمەکان 964 دەبەن و پاش لێکردنەوەی لۆگۆ وەک بەرهەمی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، دواهەمینیان ئەم وێنەیەیە کە هاوڵاتییەک لە ترسی لافاو ئۆتۆمبێلەکەی بە ستونێکەوە بەستووەتەوە.

لێرەوە هەموو دۆست و هاوکارەکانمان ئاگادار دەکەینەوە، مافی بەرهەمەکانی 964 پارێزراون و هەر کەناڵ و دەزگاو سایت و پەیجێک لۆگۆکەمان بشارێتەوەو ئاماژە بەوە نەکات کە ئەمە بەرهەمی 964ە، ئەوا لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆپی رایتیان لێ دەدەین.

تۆڕی 964 گەورەترین تۆڕی سەرتاسەرییە کە هەر لە زاخۆ هەتا بەسرە لە هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق پەیامنێری هەیە و بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بابەتەکانی پەخش دەکات، بەدەستهێنانی هەر وێنەو ڤیدیۆو زانیارییەک لەلای ئێمە هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت و بە فلتەری راست و دروستی و ئەمانەتپارێزیدا دەڕوات.

سەرچاوەی یەکەمی بەرهەمەکانی ئێمە پەیامنێران و تیمەکەمانن، یان ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەن کە خەڵک بۆمان دەنێرن، هەر وێنە و ڤیدیۆیەکی تریش بۆ ئێمە بایەخی هەواڵی هەبێت یان لە پەیجی دامودەزگا رەسمییەکانی وەردەگرین یاخود دەگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە رەسەنەکە، ئەگەر پێویستمان بە هەر بەرهەمی دەزگایەکی دیکە بووبێت ئەوا داوامان لە خۆیان کردووە یان ئیزنمان لێ خواستوون و بەبێ دوودڵی ئاماژەمان بە ناوەکەیان کردووە، هیوادارین ئەمە ببێتە نەریت و باقی دۆستەکانمان چاومان لێ بکەن.