لە کەرکوک

ئاگر لە کۆگایەک کەوتەوە و منداڵێکی چوار ساڵە گیانی لەدەستدا

964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەکۆگایەکی خۆراک لە گەڕەکێکی رۆژئاوای کەرکوک منداڵێکی تەمەن چوار ساڵە گیانی لەدەستدا.

دوای بانگی عەسری ئەمڕۆ چوارشەممە 24.4.2024 ئاگر لەکۆگایەکی خۆراک لە گەڕەکی عەمەلە شەعبی، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵە لەناو ئاگری کۆگاکە گیریخواردبوو، بەرگری شارستانی دەڵێت، بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەیەک لە بەرگری شارستانی کەرکوک بە 964ی وت، خێزانێکی کەم دەرامەت لەناو کۆگایەک دەژین و پاسەوانی کۆگاکە دەکەن، دوای ئەوەی ئاگر لە بەشێکی کۆگاکە کەوتووەتەوە ئەو منداڵە لە ژوورەوە ماوەتەوەو بەهۆی کاریگەری دوکەڵ خنکاوە.

ئەو سەرچاوەیەی بەرگری شارستانی دەڵێت: پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دەستی بەلێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەسەر رووداوی ئاگر کەوتنەوەکە و هێشتا راپۆرتی کۆتایی رانەگەیەنراوە.

گەڕەکی عەمەلە شەعبی دەکەوێتە سەر رێگای کەرکوک بۆ قەزای دوبز لە رۆژئاوای کەرکوک، دانیشتوانەکەی لە پێکهاتەی عەرەبن.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی