29 کەناڵی تەلەڤزیۆنی داخران

964+
هێرۆ مەولودی – هەولێر

بەهۆی قەرزارییەوە، پەخشی 29 کەناڵی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان راگیران، بە بریاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان.

شێروان عەوڵا، بەرێوبەری چاپ و بڵاوکردنەوەی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری، دەربارەی ناوەرۆکی بریارەکەی وەزارەت و هۆکاری داخستنی ئەو کەناڵانە بە 964+ی راگەیاند، ئەو کەناڵانە ماوەی پێنج ساڵە مۆڵەتیان نوێ نەکردووەتەوە و پابەندیش نەبوون بە یاساکانی وەزارەت و چەند ساڵێکیشە قەرزاری وەزارەتن.

شێروان عەوڵا باسی ئەوەشی کرد، پێشتر رێنوێنیان داوەتە ئەو کەناڵانە و چەند کاتژمێریش پەخشیان راگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە گشتی داخراون.

بە بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، پەخشی ئەم کەناڵانە رادەگیرێت تا ئەو کاتەی مۆڵەتەکانیان نوێ دەکەنەوە.