بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی
دوای سێ ساڵ ئێوارەی ئەمڕۆ شەڕە تەقە لەنێوان دوو خێزان روویدایەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی ساڵەیی ناحیەی گردەسێن دوای سێ ساڵ بێ دەنگی شەڕە تەقە لەنێوان دوو خێزان روویدایەوە، بەڵام هێزێکی ئەمنی رووداوەکەیان کۆنتڕۆڵکرد.
ئەحمەد سلێمان،بەڕێوبەری ناحیەی گردەسێن بە 964ی وت، شەڕەکە لەنێوان دوو خێزانی خزمی یەکتر بووە کە خاڵوخوارزای یەکترن، بەر لە سێ ساڵ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوانیان هەبووە، بەڵام پێکهاتوونەتەوە و لە دادگا تەنازولیان بۆ یەکتر کردووە، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ دەمەقاڵێ لەنێوان گەنجانی هەردوو خێزان دروست بووە و بە چەک رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
بەوتەی ئەحمەد سلێمان، پۆلیس گەیشتووەتە گوندەکە و دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە.
عیماد زێباری، وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، شەڕەکە هیچ برینداریکی لێ نەکەوتووە تەنیا ئەوەبووە تەقەیەکی زۆر کراوە لە گوندەکەدا و بریاری دەستەسەرکردن بۆ ئەو کەسانە دەردەچێت کەوا تەقەیان کردووە، لێکۆلینەوەی وورد لە بارەی شەڕەکە دەکرێت.