لە نامەیەکدا بۆ بایدن: خراپت کرد پێشوازیت لە سودانی کرد

چەند کۆنگرێسمانێک لەسەر کورد هاتنە دەنگ

964+

ژووری هەواڵ

لەناو کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا دەنگی ناڕەزایی دژی بایدن بەرزبووەتەوە دەڵێن بۆچی لەگەڵ سودانی دادەنیشیت لە کاتێکدا ئەو دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان دەجوڵێتەوەو هەموو ئەوانەی دەیکات لە بەرژەوەندی ئێرانە.

نامەکە دوان لە کۆنگرێسمانە قسەرۆیشتووەکانی ئەمریکا رۆژی 15ی مانگ بۆ کۆشکی سپییان ناردووەو کۆپییەکی دەست 964 کەوتووە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە مامەڵەی حکومەتەکەی سودانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی تۆمەتبار دەکەن بەوەی بە سەرۆکایەتی سودانی کە پارەو کۆمەکی سەربازی لە هەرێم گرتووەتەوە، لە کاتێکدا ”هەرێم باشترین هاوبەشی ئەمریکایە لە عێراق”.

ئەوانە دەڵێن ئەو کۆمەکە سەربازییانە کۆنگرێس و هەردوو وەزارەتی بەرگری و دارایی ئەمریکا بڕیاریان لێداوە بۆ پێشمەرگە بێت، مافی حکومەتەکەی سودانی نییە دەستی بەسەردا بگرێت.

نامەکە ئیمزای هەروو کۆنگرێسمان جۆ وێلسۆن و کییڤن هیرنی لەسەرە، ئەم دوانە لە بەرپرسە باڵاکانی ناو لیژنەی توێژینەوەی کۆمارییەکانن، بەشێکن لەو گروپە راستڕەوەی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دارایی و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هەیە.

هەردوو کۆنگرێسمانەکە نوسیویانە حکومەتەکەی سودانی مافی کوردستان نادات لە بەشە بودجە کە بەپێی دەستور هەقی خۆیەتی، تەنانەت ئەو کۆمەکانەش دەستی بەسەردا گیراوە کە کۆنگرێس بۆ پێشمەرگەی ناردووە، هەمانکات رێی لە هەناردەی نەوتی کوردستان گرتووە، بۆیە داوای رونکردنەوەیان لە بایدن کردووە کە ئاخۆ گەرەنتی چییە حکومەتی هەرێم پشتیوانی دروستی پێدەگات.
بەپێی لێکدانەوەی ئەو دوو کۆنگرێسمانە هەموو هەنگاوەکانی حکومەتی عێراق لە بەرژەوەندی ئێرانەو بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی ئەمریکایە، نموونەی ئەوەشیان هێناوەتەوە کە ئەو حکومەتە ساڵانە بە بڕی 2.7 ملیار دۆلار کۆمەکی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکات، ئەو گروپانەی بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئەمریکا لە عێراق.
ئەو بڕە پارەیەی دوو کۆنگرێسمانەکە باسی دەکەن مەبەستیان لە بودجەی ساڵانەی حەشدی شەعبییە.