بەبۆنەی رۆژی ژینگەوە
رێکخراوێک لە شارەزوور پارکەکان پاکدەکاتەوە و سەلەی خۆڵ دادەنێت
964+
بڕوا مەجید – قەزای شارەزوور
رۆژی 16ـی نیسانی هەموو ساڵێک بە رۆژی جیهانی ژینگە ناسراوە، بەبۆنەی ئەو رۆژەوە رێکخراوی تەژنە لە قەزای شارەزوور دوو چالاکی ژینگەیی ئەنجام دا.
محەمەد کەریم، سەرپەرشتیاری رێکخراوی تەژنە بە 964ـی راگەیاند، “لە چوارچێوەی رۆژی جیهانی ژینگەدا، ئێمە وەک رێکخراوی تەژنە هەستاین بە ئەنجامدانی دوو چالاکی بۆ زیاتر خزمەتکردنی ژینگەی قەزای شارەزوور، یەکەم چالاکیمان پێکهات لە پاککردنەوەی هەردوو پارکی سەرەکی نالی و پارکی شەهید فایەق گاڵای کە پارکێکی گشتین و هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش رۆژانە رووی تێدەکەن.”
محەمەد کەریم وتیشی، “جگە لە پاککردنەوەی پارکەکان چالاکییەکی تری رێکخراوەکەمان دانانی سەلەی خۆڵە، لە ناو پارکەکان و چەند سەلە خۆڵێکمان داناوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ئەو پاشماوە و زبڵانەی کە بەجێ دەمێنێت بیکەنە ناو سەلەی خۆڵەکەوە.”
قەزای شارەزوور یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان لە عێراق، ناوەندەکەی شارۆچکەی ھەڵەبجەی تازەیە، ژمارەی دانیشتوانی زیاترە لە 118 هەزار کەس.
پێداچوونەوە: هاوبەش