دژى سورێژە

لەماوەى 10 رۆژدا 900 هەزار منداڵ دەکوترێن

964+

وریا فەتاح

ئەمڕۆ سێشەممە، بە بەشدارى سێ هەزار و 280 کارمەندى تەندروستى کە لە هەزار و 94 تیم پێکهاتوون، هەڵمەتی نیشتمانی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە دەست پێدەکات و لە ماوەى 10 رۆژدا نزیکەى 900 هەزار منداڵ دەکوتن.

بەپێى راگەیەنراوى وەزارەتى تەندروستى، لەچوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و نەوەکانی ئایندە، هەڵمەتێكی گشتگیر و فراوانی سەرتاسەری لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات لەنێو باخچەكانی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان، هاوکات بەردەوامیش دەبێت لەزیادکردنی هۆشیاری کۆمەڵگا سەبارەت بە کوتانی رۆتینی و مەترسییەکانی نەخۆشی سورێژە و هاندانی خێزانەکان بۆ کوتانی منداڵەکانیان و پەیڕەوکردنی کوتانی منداڵەکانیان بەپێی خشتەی بڕیاردراو.

ئەم هەڵمەتە ماوەی 10 رۆژی کارکردن دەخایەنێت لە باچخەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان و لە رێگەی 3,280 كارمەند، نزیکەی873,191 منداڵ بە ئامانج دەگیرێن بۆ پێدانی كوتان.

لە هەڵمەتەکەدا، تیمەکان کە 3 هەزار و 280 کارمەندن، سەردانى سێ هەزار و 981 قوتابخانە دەکەن و هەزار و 500 ئۆتۆمبێلیش بۆ گواستنەوەى تیمەکان بەکار دەهێنرێن.

بە وتەى تەها محەمەد، وتەبێژى تەندروستى راپەڕین کە بۆ 964 قسەى کردووە، هەڵمەتەکە فێرخوازانی باخچەی ساوایان و خوێندکارانی پۆلی یەکی سەرەتایی تا پۆلی شەشی سەرەتایی  دەگرێتەوە، واتا ئەو منداڵانەى تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 12 ساڵییە.

لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین 12 تیم سەردانى ناوەندەکانى خوێندن دەکەن و منداڵان دەکوتن، بە وتەى تەها محەمەد، ئەو منداڵانەشى لە ماوەى ئەم 10 رۆژەدا بێبەشدەبن لە کوتان، پێویستە لەسەر دایکان بیانبەن بۆ نزیکترین مەڵبەندى تەندروستى.

کوتانى منداڵان دەستپێدەکات

کوتانى منداڵان دەستپێدەکات