ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی نێوانیان بڵاوکرایەوە

سودانی بە بایدنی وتووە پەیوەندیەکانمان لە سەربازییەوە بۆ رۆشنبیری و ئابووری دەگۆڕین

964+

فەهمی نەبی

لە کۆبوونەوەکەی نێوان سودانی و بایدن کە ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆشکی سپی بەڕێوەچووە، چەندین دۆسیەی ئابووری و ئەمنی باسیان لێوەکراوە، یەکێک لە دۆسیەکان گواستنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا بووە بۆ هاوبەشیەکی بەردەوام لەسەر بنەمای ئابوری.

سودانی وتویەتی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا لەکاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاری شەڕ تێپەڕ دەبێت، گرنگە هەوڵبدرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرژییەکانی ناوچەکە.

بایدن لە کۆبونەوەکە پێزانینی دەربڕیوە بۆ خواستی عێراق لە بەهێزکردنی ئابوورییەکەی بە تایبەت لە بواری وزە، هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا لەو رووەوە بە گرنگ باسی لێوەکراوە.

سودانی دیارترین ئەو خاڵانەی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدن باسی کردووە ئەمانە بوون.

  • لەبنەما سەرەکییە بەردەوامەکانی هاوبەشییەکی هەمەلایەنە و درێژخایەن لەگەڵ ئەمریکا دەکۆڵینەوە.
  • ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەبواری ئەمنی و سەربازی بۆ پەیوەندییەکی رێکخراو و قۆناغ بەندی ئابوری و رۆشنبیری و سیاسی بەپێی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بگۆڕین.
  • شەڕی داعش بوو بە بنەمای مامەڵەی عێراق و ئەمریکا، لەماوەی ساڵانی رابردوودا پێکەوە شەڕمان کرد و تیرۆرمان تێکشکاند.
  • عێراق ئەمڕۆ بە قۆناغی بوژانەوەدا تێدەپەڕێت و شاهیدی پڕۆژەی گەشەپێدان و ئاوەدانییە.
  • ئێمە باس لە هاوبەشی بەردەوام دەکەین، لەسەر بنەمای رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دروست بۆ گواستنەوەی سەربازی لەڕێگەی لیژنەی سەربازی دوولایەنە دادەمەزرێنین.
  • لیژنەی سەربازی دووقۆڵی هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سەربازی و بارودۆخی ئۆپەراسیۆنەکان و پەرەپێدانی تواناکانی خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان دەکات، ئێمەش پابەند دەبین بە دەرئەنجامەکانی ئەم لیژنەیە.
  • گفتوگۆ لە چوارچێوەی لیژنەیە دەکەین، بۆ هاوکاری ئەمنی و هاوبەشی دوولایەنەی بەردەوامی نێوان عێراق و ئەمریکا لە لایەنی سەربازییەوە.
  •  لیژنەی باڵای هەماهەنگی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیجی ئەنجام دەدات و حکومەتی عێراق جدییە لە بەدیهێنان و کاراکردنی ئەم رێککەوتنە.
  •  هیچ شتێک جێگەی پابەندبوونە مرۆییەکانمان ناگرێتەوە بەرامبەر بە پرسە جۆراوجۆرەکان، بەتایبەتی ئەوەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت.
  • بەڕۆحی شەراکەتی، رەنگە لە هەندێک هەڵسەنگاندنی بابەتی ئێستای ناوچەکەدا جیاوازیمان هەبێت، بەڵام لەسەر بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، یاساکانی شەڕ و بنەمای پاراستن هاوڕاین.
  • هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر خەڵکی سڤیل بە تایبەتی ژنان و منداڵان رەتدەکەینەوە و داوای پابەندبوون بە یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان دەکەین لە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان.
  • نیگەرانین لەو شەڕە وێرانکەرەی زیاتر لە شەش مانگە لەسەر کەرتی ‌غەزە هەیە.
لە کۆبوونەوەی نێوان سودانی و بلینکن چۆن باسی هەرێمی کو...

لە کۆبوونەوەی نێوان سودانی و بلینکن چۆن باسی هەرێمی کوردستان کرا؟