2022 زیاتر لە 504 چالاکی ئەدەبی و هونەری لە هەولێر ئەنجامدراوە

+964

شۆڕش عەبدولستار

بە تەنیا پێنج ناوەندی ئەدەبی و هونەری لە هەولێر 504 چالاکییان ئەنجامداوە، لە پای ئەمەشدا رێزیان لێگیرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی کانونی دووەم، پێنج ناوەندی ئەدەبی و هونەری لەپای کارو چالاکییەکانیان لە ساڵی رابردوو، خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا.

هەریەکە لە بەشی هونەری و رۆشنبیری هەولێر، لقی نووسەرانی کورد لە هەولێر، بەڕێوبەرایەتی گشتی چالاکی قوتابخانەکان، هەردوو کتێبخانەی مەم و زین و ئاشتی، ئەو ناوەندانە بوون کە رێزیان لێگیرا.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی خرایەڕوو، بەشی هونەری و رۆشنبیری هەولێر لە 2022ـدا 215 چالاکی سینەما و شانۆ و هونەر و موزیکیان ئەنجامداوە. لقی نووسەرانی کورد لە هەولێر، 67 کۆڕی جۆراوجۆر و ناساندنی کتێبی کردووە. هەروەها بەڕێوبەرایەتی گشتی چالاکی قوتابخانەکانیش، 12 چالاکی فێستیڤال و پێشانگای شێوەکاری ئەنجامداوە.

هەرچی کتێبخانەی مەم و زینە کە یەکێکە لە ناوەندە ئەدەبییە چالاکەکانی هەولێر، لە 2022ـدا تەنیا 23 چالاکی ناساندنی کتێبی کردووە. هاوکات ناوەندی خەیاڵیش 74 چالاکی کردووە، هاوکات کتێبخانەی ئاشتی، 53 چالاکی ناساندنی کتێب و چاپکردن و کۆڕی شیعری کردووە. 

رامیار جەوهەر، سەرۆکی سەنتەری ئاڵا لە پەراوێزی رێزلێنان بەو دەزگایانە، ئاماژەی بە گرنگی وەها رێزلێنانێک کرد، وتی “بە پێویستمان زانی بە هاوکاری و چاودێری پارێزگاری هەولێر، رێزڵێنان ببەخشینە ئەو ناوەندە رۆشنبیری و ئەدەبی و هونەرییانە”.