"بە سەرسامی لەناو وێرانەدا"

بەختیار عەلی ئەزموونی منداڵی و نووسینی خۆی دەگێڕێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

“بە سەرسامی لەناو وێرانەدا”، کتێبێکی نوێی نووسەر و رووناکبیر بەختیار عەلییە، کە وەک خۆی دەڵێت، کتێبەکە باسکردنە لە ئەزموونی منداڵی و سەرەتای گەنجێتی و تێڕامانە دەرباری ژیان و خوێندنەوە و نووسین.

کتێبەکە چاوپێکەوتنێکی درێژە، کە مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی رێگەپێدراوی نووسەر بۆ سەر زمانی فارسی لەگەڵیدا ئەنجامی داوە.

بەختیار عەلی سەبارەت بە کتێبی “بە سەرسامی لەناو وێرانەدا” دەڵێت، “ئەم کتێبە لە بنەڕەتدا چاوپێکەوتنێکی درێژی هاوڕێی ئازیز مەریوان هەڵەبجەییە لەگەڵ مندا، تەوەری باسەکە منداڵی و ساڵانی سەرەتای گەنجێتییە. چاوپێکەوتنەکە بەهانەیەک بوو بۆ من، نەوەک تەنیا شتێک لە منداڵیی خۆم بگێڕمەوە، بەڵکو چەند تێڕامانێکی دیکەش دەربارەی ژیان و خوێندنەوە و سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئارەزووی نووسین و هاوڕێیانی ئەو سەردەمە تۆمار بکەم”.

دەشڵێت، “چاوپێکەوتنەکە جێگایەکی تایبەتی لە دڵی مندا هەیە، چونکە قسەکان دەربارەی منداڵێک و دواتر مێردمنداڵێکی سەرسامبوون لە سەردەمێکدا بە جۆرێکی ترسناک رووی لە هەرەس و وێرانبوون بوو”.

سەبارەت بە ناونیشانی کتێبەکەشی رایدەگەیەنێت، “ناونیشانی کتێبەکە رەنگە ئاماژە بێت بۆ دۆخی تەواوی نەوەی ئێمە، کە تێکڕا کۆمەڵێک منداڵی سەرسامبووین لە ناوەڕاستی دونیایەکدا تا دەهات زیاتر لەناو داڕمان و توندوتیژی و دڵڕەقیدا نوقم دەبوو”.

وا بڕیارە کتێبەکە بۆ پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر لەگەڵ نوێترین رۆمانی نووسەردا بەناوی “نەفرەتی نەوبەهاران” بڵاوبکرێنەوە.

شانۆنامەی

شانۆنامەی "بۆ دۆزەخ ئەی بێگوناهان"ـی بەختیار عەلی چاپی چوارەمی کرایەوە