"نەهێڵن منداڵەکانتان بیانکڕن"
پزیشکێک: تەقەمەنی بۆ چاوی منداڵ مەترسیدارە
964+
پێشەوا محەمەد
پزیشکێکی چاو مەترسییەکانی تەقەمەنی و یاریی ئاگرین ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەداتە باوکان و دایکان، کە نەهێڵن منداڵەکانیان لە جەژندا تەقەمەنی بکڕن.
لە جەژن و بۆنەکاندا منداڵان بۆ کەیف و خۆشی تەقەمەنی دەکڕن و دەیتەقێنن، هەم بێزارییەکی زۆر دروست دەکەن، هەم مەترسیشی بۆ سەر خۆیان هەیە.
رەوا قادر، پزیشکی پسپۆڕی چاو بە 964ـی راگەیاند، بەکارهێنان و تەقاندنی تەقەمەنی دەبێتە هۆکاری چەندان مەترسی لەسەر چاوی منداڵ و بە هەر رێگەیەک بێت پێویستە دایک و باوکان رێگری لە منداڵەکانیان بکەن بەکاریان نەهێنن.
وتیشی، “ئەو تەقەمەنییانە دەبنە هۆی سوتانەوەی چاو بە مادەی کیمیایی، برینداربوونی پێڵووی چاو و گلێنەی چاو، هەوکردنی بەشەکانی چاو، خراپبوونی تۆڕی چاو و سوتانی سەنتەری بینین تا دەگاتە کوێربوونی چاوەکە”.
لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم لە لایەن قایمقامیەتەکانەوە یاریی ئاگرین و تەقەمەنییەکان قەدەغە کراون و وا راگەیەندراوە، سزای هەر دوکان و مارکێت و شوێنێک دەدەن ئەو تەقەمەنییانە بفرۆشن.
“لە جەژن و بۆنەکانی رابردوودا حاڵەتی نەخوازراو بەهۆی ئەو تەقەمەنییانەوە روویانداوە و مەترسییان بۆ سەر تۆڕی بینینی منداڵ دروست کردووە”، رەوا قادر وای وت.